رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکى عێراق دەستیکرد بە وردبینى لە دۆسیەى خانەنشینان و بەراوردکردنیان، دەرکەوتووە 40 هەزار کارتى وەرگرتنى مووچە زانیارییەکانیان نوێ نەکراونەتەوە و 16 هەزار خانەنشین مردوون بەبێ ئەوەى مووچەکانیان رابگیرێت، هەروەها لە نەینەوا مووچەى خانەنشینى دراوەتە کەسانێک کە شایستەى نەبوون.
رۆژی هەینى 21ى ئابی 2026، دەستەى دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دەستى کردووە بە وردبینى لە دۆسیەى خانەنشینان و بەراوردکردنى زانیارییەکان لە دەستەى خانەنشینى نیشتمانى.
ئەو پڕۆسەى وردبینییە لەڕێگەى چەند لیژنەیەکەوە دەکرێت، دەستەى دەستپاکىی سەرکردایەتى دەکات و دیوانى چاودێرى دارایی و دامەزراوەى شەهیدان و دەستەى خانەنشینى و وەزارەتى ناوخۆ تێیدا ئەندامن و ئەو لیژنانە بە بڕیارى عەلى فالح زەیدی سەرۆکوەزیران پێکهێنراون.
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، دۆسیەى خانەنشینان لە دەستەى خانەنشینى نیشتمانى بەراورد دەکرێت بەو زانیارییانەى کە لە سەرجەم کۆمپانیاکانى پارەدانى ئەلیکترۆنى تایبەت بە مووچەى خانەنشینان هەیە، بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو بڕە پارەیە چەندە کە بە نایاسایی وەرگیراوە تاوەکو رێکارى یاسایی بگرێتەبەر بۆ گەڕاندنەوەى پارەکان.
ئەو دەستەیە ئاماژەى بەوەداوە، راپۆرتێکی لەبارەى دەستەى خانەنشینى نیشتمانى ئامادە کردووە و کۆپییەکی ئاراستەى سەرۆکوەزیران و وەزارەتى دارایی و دەستەى خانەنشینانی نیشتمانى کردووە، کە چەند راسپاردەیەکی تێدابووە، یەکێکیان پێکهێنانى لیژنە بووە بۆ وردبینى لە دۆسیەى خانەنشینان و بەراوردکردنیان.
بەگوێرەى راپۆرتەکە نزیکەى 40 هەزار کارتی بانکى جۆرى "کی کارت" هەبووە بەبێ ئەوەى زانیارییەکانیان نوێ بکرێتەوە، لە دەستەى خانەنشینى نیشتمانى هەیە، سەرەڕاى ئەوەى کە چەند مانگێکە دەستەى دەستپاکى داواى نوێکردنەوەى زانیارییەکان و رێگرى لە دووبارەبوونەوەى ژمارەى وەزیفیی خانەنشین کردووە.
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاندووە، لەسەر بنەماى راسپاردەکانیان ئەو لیژنانەى پێکهێنراون وردبینى لە ناوی خانەنشینانى شەهیدان و بریندارانى قوربانیانى تیرۆر لە پارێزگاى نەینەوا دەکات، کە 102 هەزار و 867 ناون بۆ ئەوەى پارێزگارى لە ماڵى گشتى بکرێت، دەرکەوتووە هەندێک لە مووچەى خانەنشینى دراوە بە کەسانێک کە شایستەى نەبوون، بەهۆى ئەوەى دەستەى خانەنشینى نیشتمانى داواى زانیاریى ئەو خانەنشینانەى لە دامەزراوەى شەهیدان نەکردووە.
دەستەکە ئاماژەى بەوەداوە کە پێویستە بەراوردى ئەو ناوانەى خانەنشینى بکرێت، کە لە ساڵى 2022ـەوە دامەزراوەى شەهیدان داواى راگرتنى کردووە و تاوەکو ئێستا رانەگیراون، بۆ ئەوەى بگەڕێن بەدوای ئەو ناوە وەهمیانەى کە مووچەى خانەنشینیان وەرگرتووە بەبێ ئەوەى شایستە بن.
دەستەى دەستپاکى رایگەیاندووە، لە رێگەى لیژنەیەکى هاوبەشەوە دەرکەوتووە ژمارەیەکی زۆر لە ناوی دووبارە هەبوون لە لیستى خانەنشینى کە لە ساڵى 2022ـەوە مووچەکانیان رانەگیراوە، هەروەها وەزارەتى ناوخۆى عێراق زانیاری لەبارەى ژمارەیەکی زۆرى هاووڵاتییان ناردووە بۆ دەستەى خانەنشینى نیشتمانى کە زانیارییەکانیان تەواو نەبووە یان بە ئەنقەست هەڵە لە زانیارییەکانى بەشێکیان لە خانەنشینان هەبووە و کە لەلایەن لقەکانى دەستەى خانەنشینى نیشتمانى کراوە و دەرکەتووە کە بەرپرسانى هەندێک بەشی ئەو لقانە گەندەڵییان کردووە بەتایبەت لەو پارێزگایانەى کە رووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە، و تەنیا لە پارێزگاى ئەنبار دۆسیەى 19 هەزار و 321 خانەنشین راگیراوە.
دەستەکە رایگەیاندووە لە ئەنجامى وردبینى لە تۆمارى وەزارەتى تەندروستى دەرکەوتووە کە 16 هەزار و 384 خانەنشین سەرەڕاى ئەوەى مردوون مووچەى خانەنشینییان رانەگیراوە.



