رووداو دیجیتاڵ
نادینا ماینزا، بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی سەرۆکی ئەمریکا وێنەیەکی تەواوی لەبارەی لێکەوتەکانی هەنگاوەکانی بەغدا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن پێ نەگات و رایگەیاندووە کە لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی کورد لە بەرژەوەندیی گرووپەکانی سەر بە ئێرانە.
رۆژی هەینی، 27ی تشرینی دووەمی 2026، ماینزا لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکارێک هەیە رەیان کلدانی، بەرپرسی بزووتنەوەی بابلیۆن کە لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراوە، ئاهەنگ بە هەنگاوەکەی بەغدا دەگێڕێت، چونکە بە گوتەی ئەو، لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی کورد دەستی تاران دەگەیێنێتە ناوچەیەک کە هاوبەشێکی جێی متمانەی ئەمریکا بووە.
داواکارییەکان لە واشنتن و بەغدا
بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە واشنتن گوشار بخاتە سەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی بەڵێنەکەی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردن و راگرتنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بباتە سەر.
ماینزا داوای کردووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکات بەگوێرەی دەستووری فیدراڵیی عێراق و داوا لە بەغدا بکات ناکۆکییەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ هەولێردا چارەسەر بکات.
ماینزا لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نووسیویەتی: "بەهێزبوونی زیاتری ئێران لە عێراق، دوایین شتە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت یارمەتیی هاتنەئاراوەی بدات."
دەقی نووسینەکەی نادینا ماینزا، بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی:
دەترسم سەرۆکی ئەمریکا وێنەیەکی ناتەواوی پێ بگات سەبارەت بەوەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن بەغداوە چ مانایەک بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیێنێت. هۆکارێک هەیە کە رەیان کلدانیی سزادراو لەلایەن ئەمریکاوە ئاهەنگ بە هەنگاوەکەی بەغدا دەگێڕێت. لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی کورد لە بەرژەوەندیی گرووپەکەی ئەو و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانە و دەستی تاران دەگەیێنێتە ناوچەیەک کە هاوبەشێکی جێی متمانەی ئەمریکا بووە. پێویستە واشنتن گوشار بخاتە سەر سەرۆکوەزیران زەیدی بۆ ئەوەی بەڵێنەکەی بباتە سەر سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردن و راگرتنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران. دەبێت بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکات بەگوێرەی دەستووری فیدراڵیی عێراق و داوا لە بەغدا بکات ناکۆکییەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ هەولێردا چارەسەر بکات. بەهێزبوونی زیاتری ئێران لە عێراق، دوایین شتە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت یارمەتیی هاتنەئاراوەی بدات.



