رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بکرێتە 5%، هاوکات بانکی ناوەندیش پشکی دۆلاری گەشتیارانی لە شەش جارەوە بۆ 12 جار لە ساڵێکدا زیاد دەکات.
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی رێکارە نوێیەکان بۆ "بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری و رێکخستنەوەی سیاسەتی بازرگانی و نەختینەیی" بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی کردووە بە یەکخستنی پێناسی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان، بە جۆرێک بە رێژەی 5% بێت، ئەوەش لە یەکەم رۆژی مانگی کانوونی یەکەمی 2026ـەوە جێبەجێ دەکرێ.
هەر لە چوارچێوەی رێکارەکاندا، بانکی ناوەندیی عێراق ژمارەی پشکە نەختینەییەکانی دراوی بیانیی تایبەت بە گەشتیاران لە شەش پشکەوە بۆ 12 پشک لە ساڵێکدا زیاد دەکات، بە بڕی سێ هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک "بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە شێوەیەکی فراوانتر سوود لەو ئاسانکارییانە وەربگرن."
بڕیاری زیادکردنی پشکی گەشتیاران بۆ 12 جار لە ساڵێکدا دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری دێت لە سیاسەتی بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵی 2026ـدا. رۆژی 8ـی تەممووزی 2026، بانکی ناوەندی پشکی دۆلاری گەشتیارانی لە سێ هەزار دۆلارەوە بۆ دوو هەزار دۆلار کەم کردبووەوە.
دواتریش لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بەهای فەرمیی فرۆشتنی دۆلاری بە هاووڵاتییان لە 1,320 دینارەوە بۆ 1,520 دینار (152 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار) بەرز کردەوە، هەروەها لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران کردە دوو مانگ جارێک (6 جار لە ساڵێکدا).



