رووداو دیجیتاڵ
بێ رێزیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە عێراق کاردانەوەی دیپلۆماتانی ئەمریکی لێ دەکەوێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، عەلی زەیدی فەرمانی داوە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.
کاردانەوەی دیپلۆماتانی ئەمریکی
جۆو ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "حەشدی شەعبی کە بەشێکە لە دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق، بێڕێزی بە ئاڵای ئەمریکا دەکات و ستایشی رژێمی ئێران دەکات."
ویڵسن رووی دەمی دەکاتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێ: "ئەگەر بەڵگەی زیاترتان دەویست بۆ ئەوەی بزانن عێراق پارێزگایەکی ئێرانە، ئەمە بەڵگەکەیە. زەیدی، ئایا ئەمە تێڕوانینی تۆیە بۆ ئەمریکا؟ دەبێت عێراق لە ئێران رزگار بکرێ."
هاوکات ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رەخنەی گرت و نووسی: "دەمزانی لەکۆتاییدا رووداوێکی لەم شێوەیە روودەدات و بەسەر ئاڵادا دەڕۆن، بەڵام ئەمجارەیان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کرا نەوەک تەنیا میلیشیاکان. هەرچەندە ئەمە گوزارشت لە هەموو عێراقییەکان ناکات، بەڵام دەبوو حکومەتی عێراق رێگری لەم دژایەتیکردنە ئاشکرایەی ئەمریکا لەلایەن هێزە فەرمییەکانییەوە بکردایە."
هاوکات زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا ئەو کارەی بە "بێڕێزییەکی گەورە" ناوبرد و نووسی: "ئەگەر قوربانیدان و ئازایەتیی سەربازانی ئەمریکا نەبووایە، رەنگە تاوەکو ئێستاش سەدام حوسێن فەرمانڕەوایی عێراقی بکردایە. سەرم سوڕماوە کە حکومەتی عێراق بێدەنگ وەستاوە و رێگەی بە رووداوێکی لەم شێوەیە داوە."
ئەم رووداوە لە کاتێکی هەستیاردا روودەدات. عەلی زەیدی دوای 12 ساڵ لە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، چوارشەممەی رابردوو سەروەریی تەواوەتیی عێراقی راگەیاند.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 4-10-2026، حکومەتی عێراق بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، ئەو کارمەندانەی سەر بە حەشدی شەعبی دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا رۆیشتبوون.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی سەرکۆنەی ئەو کارەی کردووە و فەرمانی داوە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر؛ هەروەها ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیرکراون تاوەکو بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
سەباح نوعمان گوتی: "حکومەت دووپاتی دەکاتەوە رێزگرتن لە هێماکانی وڵاتانی دۆست و نێردە دیپلۆماسییە باوەڕپێکراوەکانی نێو عێراق، ئەرکێکی یاسایی و دیپلۆماسییە. هەر دەستدرێژی و بێڕێزییەک لەم بارەیەوە رووبدات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ دیاریکردنی هەموو ئەو کەسانەی لە کاتی رێوڕەسمی فەرمیی رۆژی سەروەریی نیشتمانیدا لە بەغدا ئەو سەرپێچییەیان کردووە، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان و سەر بە چ لایەنێک بوون، نەکرد.
رووداوەکە رۆژی هەینی لە کاتی نمایشێکی سەربازیی دەستەی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان لە بەغدا روویدا، کە بە بۆنەی راگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان رێکیانخستبوو.
ئەكرەم كەعبی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا دەڕوات
هاوکات ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە دەبیندرێ بەسەر ئاڵای ئەمریکادا دەڕوات.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بەسەر ئاڵای ئەمریکا دەڕوات و لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی: "تاوانەکانتان لەژێر پێماندان."
بزووتنەوەی نوجەبا یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و نزیکە لە ئێران. ئەکرەم کەعبی کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەیە.
ئەو بزووتنەوەیە لە پاڵ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و گرووپی ئەسحابولکەهف، بەتەواوی پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت رەت دەکەنەوە و ئامادەنین چەکەکانیان بخەنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

.webp&w=3840&q=75)

