رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەیانیی سبەی هەینی (20ـی تشرینی دووەم) دەست دەکات بە گۆڕینی ئەو یەکە سەربازییانەی کە لە ناوچەی جورف سەخر جێگیر کراون.
دەستەی حەشدی شەعبی رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد بەپێی ئەو رێکارە سەربازییانەی کە پەسندکراون، پرۆسەی جێگۆڕکێی هێزەکان لە جورف نەسر ئەنجام دەدات."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریداوە بە دامەزراندنی (بارەگای کۆنترۆڵ) بۆ ئەو ناوچەیە تاوەکو سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی لەپاڵ هێزەکانی حەشددا لەوێ بن و رێگە داخراوەکان بە رووی هاووڵاتییاندا بکرێنەوە.
فەریق روکن ئەحمەد حاتەم وەک فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵ دەستنیشان کراوە و دوو جێگری هەیە؛ جێگری یەکەم بۆ کاروباری بەرگرییە و جێگری دووەم بۆ کاروباری حەشدی شەعبییە.
بارەگاکە بە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەبەسترێتەوە و لەم لیوایانە پێکدێت:
لیوایەک لە سوپا کە لیوای 38ـە، لیوایەک لە پۆلیسی فیدراڵی کە لیوای 17ـیە، دوو لیوا لە حەشدی شەعبی کە 72 و 79ـن، هەروەها فەوجێک لە پۆلیسی وزە بۆ پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان؛ پۆلیسی وزە لایەنی کەرتیی بەرپرسە لە بابەتی بۆرییە نەوتییەکان.



