رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و فەرماندەی ئەمنی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی ناحیەی جورف نەسر و ئامادەکارییەکان بۆ جێگۆڕکێی هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای کردووە کە ژمارەیەک لە وەزیران و فەرماندە ئەمنییەکان تێیدا بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناحیەی جورف نەسر لە باکووری پارێزگای بابل خرایەڕوو، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکاری و رێکارەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕپێکردن و جێگۆڕکێی یەکە سەربازییەکان لە چوارچێوەی کەرتەکانی بەرپرسیارێتی کرا، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە پێویستە هێزەکان بە "بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی و پیشەییبوونەوە" مامەڵە بکەن و کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و موڵک و ماڵی هاووڵاتییان بکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داواشی لە فەرماندە سەربازییەکان کردووە بە تەواوی پابەندی رێنمایی و فەرمانە سەربازییەکان بن، تاوەکو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێزتر بکرێت.



