رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە حەوت مانگ راگرتن، رۆژی پێنجشەممە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکاتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، گەشتەکان تەنیا لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە دەکرێن.
حوسێن ئەحمەد کەربەلائی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە رۆژی پێنجشەممە 8ی مانگەوە گەشتی راستەوخۆی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکاتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد، گەشتەکان لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و فڕۆکەخانەکانی مەشهەد، تاران و ئەسفەهان دەبن و لە عێراق تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە دەکرێن.
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران. هێڵی ئاسمانیی عێراق لە سەرەتای مانگی ئادارەوە گەشتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران راگرت.
لە 23ی ئەیلوولەوە گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ عێراق راگیرا، ئەوەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە. ئێوارەی دوێنێ یەکەم فڕۆکەی هێڵەکانی ئاسمانی ئێران لە فڕۆکەخانەی نەجەف نیشتەوە و گەشتەکانیان دەستیپێکردەوە.
مستەفا کوبە؛ بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای 9 رۆژ لە راگرتنی گەشتەکان، ئێوارەی یەکشەممە یەکەم فڕۆکەی کۆمپانیای کاسپیانی ئێرانی لە تارانەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نەجەف.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەوڵ و راسپاردەی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و بەدواداچوونی وەهب حەسەنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، رەزامەندییان بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراق وەرگرتووە تاوەکو گەشتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێبکاتەوە.
بەگوێرەی کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق، ئێستا تیمەکانیان بە چڕی کار لەسەر ئامادەکردنی فڕۆکەکان و تەواوکردنی پێداویستییەکانی رێکخستنی گەشتەکان دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە.

.webp&w=3840&q=75)

