رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە پێنج گرووپی چەکدار کە رەزامەند بوون لەسەر رادەستکردنی چەک، سێیان بە کرداری چەکیان رادەستکردووە. دەشڵێت، ساڵی 2031 بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت دەگەیێننە 10 ملیۆن بەرمیل.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 5-10-2026 لەگەڵ نوێنەرانی بەشێکی خێڵە عێراقییەکان کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.
عەلی فالح زەیدی رایگەیاند، پێنج گرووپی چەکدار رەزامەند بوون کە چەکەکانیان رادەست بکەن و بە کرداری سێ گرووپیان چەکیان رادەست کردووە، ئێستاش بەردەوامن لەگەڵ ئەوانی دیکە.
زەیدی راشیگەیاند، لەگەڵ تورکیا لەبارەی چەندین دۆسیە گفتوگۆیان کردووە و سوپای تورکیا لە خاکی عێراق دەکشێتەوە.
لەدوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق لە 30ی ئەیلوول، قۆناخەکانى پلانی حکومەتی فیدراڵ دەستیپێکردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى چەک لە دەستی دەوڵەتدا کە دەبێت گرووپە چەکدارەکان تاوەکو ناوەڕاستی 2027 چەکەکانیان رادەست بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند ساڵی 2031 بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت دەگەیێننە 10 ملیۆن بەرمیل. دەشڵێت چاکسازیی ئابووریی عێراق پێویستی بە راکێشانی وەبەرهێنانی بیانییە.
عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوەدا سندووقی نەوەکانیان بە سەرمایەی 1.5 تریلیۆن دینار دامەزراندووە و ئەو پارەیەی لە دۆسیەکانی گەندەڵی دەگەڕێنرێتەوە دەخرێتە نێو ئەو سندووقە.
لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مانگانە 500 ملیار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)

