رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ لێدانی یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، کوردانی دانیشتووی بەغدا باس لەوە دەکەن کە بەهۆی نەبوونی خوێندنگەی کوردی، ناچارن بە زمانی عەرەبی بخوێنن.
هاوکات لەگەڵ لێدانی یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، کوردانی دانیشتووی بەغدا کە مامۆستا و قوتابییانن، باس لەوە دەکەن کە بەهۆی نەبوونی خوێندنگەی کوردی، ناچارن بە زمانی عەرەبی بخوێنن.
پێشتر لە پۆلەکانی 4، 5 و 6ـی سەرەتایی، منداڵانی کورد وانەیەکیان بە زمانی کوردی دەخوێند، بەڵام ئێستا تەنیا لە پۆلەکانی 4 و 5ـی ئامادەیی یەک وانەی کوردی ماوەتەوە.
ویداد خوداداد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شێخ مەحموودی حەفید و کوردی فەیلیی دانیشتووی بەغدایە، دەڵێت، "پێشتر لە خوێندنی سەرەتاییدا زمانی کوردی دەخوێنرا، بەڵام ماوەیەکە لایان بردووە. ناوچەکەشمان سێ بەشی لە نەتەوەی کوردن و هەموو کەس دڵخۆش دەبێت بەوەی خوێندن بکرێتە کوردی، تاوەکو زمانەکە لەلایەن نەوەکانی داهاتوو لەبیر نەکرێت."
لە قوتابخانەی ئامادەیی سینای کوڕان لە گەڕەکی باب ئەلشێخ، نزیکەی 700 خوێندکاری کورد هەن. فیراس حەسەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت، "بەو پێیەی ناوچەکەمان زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردانی فەیلین کە زیاتر لە 60٪ پێکدێنن، وەکو میتۆد بەشێوەی فەرمی وانەی کوردی دەخوێنین و وەکو وانەی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."
خوێندکارانیش تامەزرۆی خوێندنن بە زمانی دایک. سەجاد حەیدەر، خوێندکارێکی کوردە و دەڵێت، حەز دەکات خوێندن لە قۆناخی سەرەتاییەوە بە کوردی بێت "تاوەکو منداڵان لە بچووکییەوە فێربن و کوردی بzanن."
بەپێی ئاماری نافەرمی، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کورد لە بەغدا دەژین. ساڵی 1946، چەند کەسایەتییەکی فەیلی یەکەم قوتابخانەی کوردییان لە گەڕەکی کیفاحی بەغدا بە ناوی "قوتابخانەی کوردی فەیلی" دامەزراند. ئێستاش قوتابخانەکە بە هەمان ناو ماوە، بەڵام خوێندن تێیدا بە زمانی عەرەبییە.
هەرچەندە نزیکەی 80 ساڵ پێش ئێستا یەکەم خوێندنگەی کوردی لە بەغدا دامەزرا، بەڵام ئێستا کورد کە یەکێکە لە پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە، لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەشە.
.webp&w=3840&q=75)

