رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق رایدەگەیێنێت، لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم (G5 ) لە سەرتاسەری وڵات دەکەوێتەکار و دەشڵێت، بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەستبەرداری پشکی وەزارەتەکەیان بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە وادەی کارابوونی سیستەمی G5 مستەفا سەنەد گوتی: "کێشەکە تەکنیکی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە لایەنی گرێبەست و رێکارە یاساییەکان. ئێستا لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەبارەی پێدانی مۆڵەتی چوارەم دەستمان بە رێکارەکان کردووە کە تایبەتە بە خزمەتگوزاریی 5G."
وەزیری گەیاندن ئاماژەی بە گۆڕانکارییەک لە مەرجەکانی مۆڵەتەکە کرد و گوتی: "ئەوەی گرنگە سازشمان لە پشکی وەزارەت لەو خزمەتگوزارییە کرد، کە پێشتر تەنیا بۆ یەک کۆمپانیا قۆرخ کرابوو، بەڵام ئێستا دەرفەتەکە بۆ هەموو کۆمپانیاکان بەردەستە؛ پێشبینیش دەکەین لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2027 ئەم خزمەتگوزارییە بکەوێتەکار."
خزمەتگوزاریی G5 بە خێراییە لەڕادەبەدەرەکەی و بەهێزیی گواستنەوەی داتا ناسراوە و تاوەکو ئێستا لە تۆڕەکانی پەیوەندی لە عێراق بەردەست نییە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مستەفا سەنەد گوتی: "لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان هەردوولادا هەیە؛ خەریکە سیاسەتی گومرگی و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بە تەواوی یەکدەخرێن، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنی و ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئەوەی هەردوولا تەواوکەری یەکدی بین."

.webp&w=3840&q=75)
