رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتی کوێت بۆ سەندنەوەی وڵاتینامە، سەدان ژنی عێراقی لە دۆخێکی یاسایی و مرۆیی سەختدا لەو وڵاتە گیریان خواردووە و بێ وڵاتینامە ماونەتەوە و، داوای دەستێوەردانی بەپەلەی حکومەتی عێراق دەکات، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێ، هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نییە.
رۆژی سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەسرەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر بەگشتی هەژماری بکەین، وڵاتینامە لە سەدان ژنی عێراقی لە کوێت سەندراوەتەوە، بەڵام تەنیا ئەوانەی کە خەڵکی پارێزگای بەسرەن زیاتر لە 100 ژنن."
بە گوتەی تەمیمی، ئەو ژنانە زیاتر لە 15 بۆ 20 ساڵە لە کوێت دەژین و پێشتر هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاووڵاتییانی کوێتی کردووە، بەڵام بەپێی یاساکانی کوێت، کاتی خۆی مەرج بووە دەستبەرداری وڵاتینامەی عێراقی ببن بۆ ئەوەی وڵاتینامەی کوێتی وەربگرن، بەم هۆیەوە ناسنامە عێراقییەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە.
"هەردوو ناسنامەی کوێتی و عێراقییان لێسەندراوەتەوە"
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە دەڵێت: "ئێستا حکومەتی کوێت وڵاتینامەکەی لێسەندوونەتەوە و عێراقیش تاوەکو ئێستا بەڵگەنامە فەرمییەکانی بۆ نەگەڕاندوونەتەوە، ئەوان ئێستا بێ وڵاتینامە دەژین کە هیچ مافێکیان نییە و وەک زیندانی لە کوێتدا ماونەتەوە."
تەمیمی هۆشداری دا لە خراپیی گوزەرانی ئەو ژنانە و گوتی: "هەژمار و کارتە بانکییەکانیان بلۆک کراون، پارە و سامانەکانیان دەستی بەسەردا گیراوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمییەوە، تەنانەت ناتوانن سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەکانیش بکەن، چونکە تەواوی سیستمی تەندروستی لە کوێت بە کارتی زیرەکەوە بەستراوەتەوە."
بە گوتەی تەمیمی، ئەو ژنانە بەشێکیان لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانیان لەسەر شانە کە هەڵگری وڵاتینامەی کوێتین، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخەوە "چارەنووسی خۆیان و منداڵەکانیشیان نادیارە."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ئاگاداری بابەتەکە نین
سەرەڕای هۆشدارییەکانی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بێئاگایی خۆی لەم بابەتە دەردەبڕێت.
عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئێمە وەک وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری ئەو بابەتە نین و تاوەکو ئێستا هیچ نووسراو یان داواکارییەکی فەرمیمان لەوبارەیەوە پێنەگەیشتووە."
داوای چارەسەری بەپەلە لە بەغدا دەکرێت
مەهدی تەمیمی داوا دەکات لایەنە عێراقییەکان لە کوێت بپرسنەوە مۆڵەت و بیانووی یاسایی بۆ سەندنەوەی وڵاتینامە لەو ژنانە چییە، لە کاتێکدا ساڵانێکی زۆرە ژیانی خێزانییان لەوێ پێکهێناوە. هەروەها باسی لەوە کرد، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ بەپەلە تیمێکی تەکنیکیی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی بنێرێتە باڵیۆزخانەی عێراق لە کوێت تاوەکو بڕیاری سڕینەوەی ناسنامەکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە و بەڵگەنامەی نوێی عێراقییان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن کارتی نیشتەجێبوون و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان دەستەبەر بکەن.
لە ساڵی 2024ـەوە، دەسەڵاتدارانی کوێت هەڵمەتێکی فراوانیان لەژێر ناوی پێداچوونەوە بە دۆسیەکانی وڵاتینامە دەستپێکرد، کە لە ساڵانی 2025 و 2026دا چڕتر بووەوە. وەزارەتی ناوخۆی کوێت بە پشتبەستن بە یاسای وڵاتینامەی ساڵی 1959، بڕیاری سەندنەوەی وڵاتینامە لە هەزاران کەس داوە بە پاساوی ساختەکاری، دەستکاریکردنی بەڵگەنامە، یان هەبوونی دوو وڵاتینامە. ئەم هەڵمەتە ژمارەیەکی زۆر لەو ژنە بیانییانەشی گرتووەتەوە کە بەهۆی هاوسەرگیرییەوە ببوونە خاوەنی وڵاتینامەی کوێتی.
بەپێی بڕیار و مەرسوومەکانی "لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە وڵاتینامە"کە لە رۆژنامەی فەرمیی (الكويت اليوم) بڵاودەبنەوە، پشکی شێر بەر ئەو ژنە بیانییانە کەوتووە کە لەسەر بنەمای (مادەی 8) لە یاسای وڵاتینامە (واتا لەڕێگەی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوی کوێتی) وڵاتینامەیان پێدرابوو، کە ژمارەیەکی زۆر ژنی عێراقی لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ژنانە، رۆژنامەی (الراي)ی کوێتی ئاماژەی بەوە کردووە کە شێخ فەهد یوسف، وەزیری ناوخۆی کوێت ئاماژەی بەوە کردووە. بە رەچاوکردنی لایەنی مرۆیی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسانەدا دەکرێت و مافی کار و مووچەی ئەو ژنانەی لە کوێت دەمێننەوە پارێزراو دەبێت.
