رووداو دیجیتاڵ
باسم محەممەد عەبادى، وەزیرى نەوتى عێراق رەتیکردەوە کە دەستى لە پۆستەکەى کێشابێتەوە و دەڵێت، بەردەوام دەبێ لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵى لەنێو وەزارەتەکەى.
دووشەممە 23ى تشرینى دووەمى 2026، باسم محەممەد عەبادى رایگەیاند: "پرسی دەستلەکارکێشانەوەم راست نییە و ئەگەر بڕیارى دەستلەکارکێشانەوە بدەم لە داهاتوودا، بە ئاشکرا لەبەردەم حکومەت و میدیاکاندا رایدەگەیێنم".
وەزیرى نەوت بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە، وەرگرتنى بەرپرسیارێتى ئەرکێکى نیشتمانییە و ئەوەش واتای ئەوەیە کە دەبێ سامانى نەوتى وڵات بپارێزن و بەردەوامیشن لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵى لەنێو وەزارەتەکەى.
ئەو رەتکردنەوەیە دواى ئەوە هات کە لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە باسم محەممەد عەبادى دەست لەکاردەکێشێتەوە و عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیران کەسێکى دیکە لەو پۆستەدا دادەنێ.
وەزیرى نەوتى عێراق لەبارەى هەنگاوەکانى رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى گوتى: "ئەو هەنگاوانە کارێکى ئاسان نین، بەوپێیەى رووبەڕووى گوشار دەبینەوە لە چەند لایەکى جیاوازەوە".
باسم محەممەد عەبادى رایگەیاند کە هەڵسەنگاندنى تواناى وەزیرى نەوت و وەزارەتەکانى دیکە لە سنوورى بەرپرسیارێتیى حکومەتدایە و لەسەر بنەماى دەستکەوتەکانى وەزارەتەکان دەبن.




