رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پارێزگاکان پابەند دەکات بەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی دەستپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی تەواو بکەن، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر پارێزگاکان کەمتەرخەم بن، خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی شەشەمین کۆبوونەوەی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکانی کرد، کە تایبەت بوو بە رەوشی گشتیی پارێزگاکان و چەند پرسێکی خزمەتگوزاری و ئابووری.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە دەستپێشخەریی "نیشتمان" کرد بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون کە لە نەجەف و کەربەلاوە دەستیپێکردووە و جەختی کردەوە کە حکومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەبێ هیچ دواکەوتنێک.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەدا 275 هەزار پارچە زەوی لە سەرتاسەری وڵات ئامادەکراون. پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف و ئەنبار 100٪ـی کارەکانی ئامادەکردنی زەوییەکانیان تەواو کردووە. پارێزگاکانی مەیسان، موسەننا، واست، بەغدا و نەینەوا، رێژەیەکی بەرزی کارەکانیان تەواو کردووە.
کارکردن لە 7 پارێزگاکەی دیکەش بەردەوامە.
بڕیارەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە:
زەویی پیشەسازی: سەرجەم پارێزگاکان پابەندکران بە دابینکردن و جیاکردنەوەی 1,000 دۆنم زەوی بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان.
رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون: بڕیاردرا بە تەرخانکردنی 2 ملیار دینار بۆ شۆردن و دەرمانڕێژکردنی ئاژەڵان لە نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان بۆ لەناوبردنی ئەو گەنەیەی نەخۆشییەکە دەگوازێتەوە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتن لەسەر سنوورەکان: ئەو پارێزگایانەی رێگەی دوور و دەروازەی سنوورییان هەیە، راسپێردران بە دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرا بە قەبارەی 50 قەرەوێڵە بۆ رزگارکردنی بریندارانی رووداوەکان.

