رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، هیچ مەترسییەک لە رووی دەستوورییەوە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە و پلانی ناردنی هێزیش بۆ سنوورەکان تەنیا بۆ رێگریکردنە لە بوونی دەروازە نافەرمییەکان و قاچاخچێتی، نەوەک کۆنترۆڵکردنی هەرێمی کوردستان.
شەوی یەکشەممە (29ی تشرینی دووەمی 2026)، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆسیەی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و نیگەرانییەکان لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
قەوارەی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بەو نیگەرانییانەی لەبارەی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لای هاونیشتمانییان هەیە، مالیکی رایگەیاند کە لە قۆناخی نووسینەوەی دەستوورەوە ئاگاداری دۆخەکەیە و "لە رووی دەستوورییەوە هیچ مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، چونکە پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا چەسپێندراوە. مەترسییەکە لەو رەفتارانەیە کە رەنگە لە چوارچێوەی دەستووردا دەربچن."
مالیکی رایگەیاند، دەستوور رێگری لە بوونی سوپای عێراق لە هەرێمی کوردستان ناکات و ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی سنوورەکان لەگەڵ تورکیا، ئێران و سووریا بەرپرسیارێتیی سوپای فیدراڵییە؛ گوتیشی: "کاتێک سوپای عێراق باس لە پاراستنی سنوور و دەروازە سنوورییەکان دەکات، مانای هەڕەشە و دەستدرێژی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. سەرۆکوەزیرانیش راشکاوانە گوتوویەتی کە نایەوێ سوپا بنێرێ بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان، بەڵکو بۆ پاراستنی سنوورەکان و رێگریکردنە لە بوونی دەروازەی نایاسایی و نافەرمی."
سنوورەکان و سیستمی فیدراڵی
بڕیارە رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی چەند رۆژێکە دروستبوون، لە بەغدا بەڕێوەبچێ. رۆژی 27ی ئەم مانگە، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە گوتی، ئەو دانیشتنەی دیالۆگی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستپێشخەری بۆ کردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دۆسیە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا تاوتوێ دەکرێن.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێی وایە گرنگترین پرس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، یەکلاییکردنەوەی سرووشتی پەیوەندییەکانە لەسەر بنەمای دەستوور و دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستانە.
نووری مالیکی ئاماژەی بەوە دا کە حکومەت باس لە "هێڵی شین"ـی ساڵی 2003 دەکات، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رەتی دەکەنەوە و گوتی: "ئەمە یەکێکە لە مەترسیدارترین پرسەکان و پێویستی بە چارەسەرە، چونکە ئێستا هەندێک ناوچە لە رووی کارگێڕییەوە لە دۆخێکی شڵەژاودان، نە بە تەواوی لەلایەن بەغداوە بەڕێوەدەبرێن و نە بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان یەکلایی کراونەتەوە تاوەکو هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ بگرێ."
مالیکی داوای کرد لە گفتوگۆکاندا سنوورەکانی فیدراڵیەت روون بکرێنەوە و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا عێراق سیستمێکی فیدراڵیی راستەقینەی هەیە یان کۆنفیدراڵی.
نەوت و داهات؛ هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نووری مالیکی کە دوو خول سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، باسی لە پرسی نەوت و بودجە کرد و رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کارێکی ئاساییە، بەڵام بەگوێرەی دەستوور دەبێت سەرجەم داهاتەکەی رادەستی بودجەی گشتیی دەوڵەت بکرێ و لە بەرامبەردا بەغدا بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێ.
مالیکی جیاوازیی کرد لەنێوان قاچاخچێتیی نەوت لە پارێزگاکانی عێراق و دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گوتی: "لە پارێزگاکانی دیکە بابەتەکە دزیکردنە لە رێگەی کونکردنی بۆرییەکانی نەوتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بیرە نەوت هەیە، گرێبەست هەیە و کۆمپانیاکانیش هەن کە نەوت بەرهەم دەهێنن و هەناردەی دەکەن، بۆیە دۆسیەکە جیاوازە و پێویستی بە رێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستوور."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش کرد کە هەنگاو بە ئاراستەی هێورکردنەوەی قەیرانەکان نراون و گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بۆ دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان دادەنێن.



