رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ، بە گوێرەی دەستوور و لەسەر بنچینەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، سوپای عێراق مافی هەیە لە هەموو بستێکی خاکی عێراق و بەتایبەت لە سنوورەکان بێت.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە گوتارێکدا بۆ بەشێک لە ئەندام لایەنگرانی لە بەغدا، باسی لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دادگەی فیدراڵی بە روونی و بە پشتبەستن بە بڕگەکانی دەستوور، دەسەڵاتەکانی بەغدای دیاریکردووە.
خەزعەلی گوتی: "سوپای عێراق نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات و لە ئەرکەکانیشیدایە لە هەموو رووبەرێکی عێراق و بەتایبەتی لە سنوورەکان بێت."
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ، حکومەتی فیدراڵی سەرپەرشتیی فرۆشتنی نەوت دەکات و مافی بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازە سنوورییەکانیشی هەیە.
خەزعەلی گوتیشی: "نەوەک هەر ماف، بەڵکو ئەرکی حکومەتی عێراقە رێگری لە دەروازە نافەرمییەکان و قاچاخچێتی بکات و داهاتە نانەوتییەکان وەربگرێ، هاوشێوەی وەرگرتنیان لە هەر پارێزگایەک، بەتایبەتی پارێزگای بەسرە کە ئەو هەموو سامانە پێشکێشی عێراق دەکات و بەشێک لە خێروبێرەکەیشی دەگاتە کوردستان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەیس خەزعەلی ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ گەلی کورد نییە، بەڵام رەخنەیشی گرت و گوتی: "بەداخەوە ئێستا هەوڵ دەدرێ هەستی نەتەوەیی بجووڵێندرێ و دۆخەکە بەو جۆرە وێنا بکرێت کە سوپای عێراق هاتووە کوردستان داگیر بکات و هەمان سوپای سەدامە. ئەم گوتارە جێگەی داخە و هیچ دادپەروەری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی تێدا نییە بەرامبەر بە وڵات و یاساکانی."



