رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی عێراق لە لوبنان دەڵێ، تەرمی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە بەیرووتەوە بەرەو بەغدا بەڕێکرا، ئەوەش دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان لەو وڵاتە.
محەممەد رەزا حوسێنی، باڵیۆزی عێراق لە لوبنان، رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026 رایگەیاند: "تەرمی ئەحمەد عەلوانی کاژێر 09:05ی بەیانیی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی بەیرووت بەڕێکرا. ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی هاوەڵی تەرمەکە دەکەن".
باڵیۆزی عێراق لە لوبنان گوتی: "باڵیۆزخانەی عێراق تەواوی رێکارە دادوەری، ئەمنی و کۆنسووڵییەکانی لە لوبنان تەواو کرد تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی تەرمەکە بگەیێندرێتەوە عێراق".
سێ رۆژە پرسە بۆ ئەحمەد عەلوانی لە رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار دانراوە. کەسوکارەکەی گومانیان هەبوو کە "دەستێک لەپشت دواکەوتنی گەڕانەوەی تەرمەکەیەوە بێت."
ئێوارەی سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، میدیای فەرمیی لوبنان دۆزینەوەی تەرمی ئەحمەد عەلوانی راگەیاند. دادوەر ئەحمەد رامی حاج، داواکاری گشتیی دادگای پێداچوونەوەی لوبنان چاودێری و بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تایبەت بە گیانلەدەستدانی ئەحمەد عەلوانی کرد، کە تەرمەکەی لەنێو شوقەیەکدا لە گەڕەکی (تەریق جەدیدە) لە بەیرووت دۆزرایەوە.
ئەحمەد عەلوانی لە 27ـی نیسانی 1969 لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لەدایکبوو، پێشتر پەرلەمانتار و سەرۆکی لیژنەی ئابووری بوو لە پەرلەمانی عێراق.
ئەو هاووڵاتییە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی خۆپێشاندانەکانی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی 2013، لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا دوای گەمارۆدانی ماڵەکەی دەستگیرکرا. لە ساڵی 2014 سزای لەسێدارەدان و پێنج سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لە نیسانی 2025ـدا دوای نزیکەی 12 ساڵ مانەوە لە زیندان ئازاد کرا.


