رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەغدا دەستگیرکردنی ژنێکی راگەیاند کە لەنێو ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا تەقەی خۆشی کردووە و دەستیش بەسەر چەکەکەیدا گیراوە.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرخ لە بەغدا، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پۆلیسی کەرخ دوای وەرگرتنی زانیاری لەبارەی بیستنی دەنگی تەقە لە یەکێک لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری، چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی تەقەکردنەکە، مەفرەزەکانی پۆلیس توانییان ئەو ژنە دەستگیر بکەن کە دەستڕێژی گوللـەی کردبوو، هاوکات دەست بەسەر ئەو چەک و فیشەکانەشدا گیرا کە لە رووداوەکەدا بەکاریهێنابوون."
پۆلیسی کەرخ ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبار گیراونەتەبەر و لەگەڵ چەکەکەیدا رەوانەی بنکەی پۆلیسی پەیوەندیدار کراوە بۆ تەواوکردنی رێڕەوی لێکۆڵینەوە.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق چاودێری و رێکارەکانیان دژی دیاردەی تەقەکردن لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو تووندتر کردووە.
بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتەکە، تەقەکردن لە بۆنەکاندا لە چوارچێوەی "تاوانە مەترسیدارەکان" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و تەقەکەران بە مادەی 24 لە یاسای چەک و بڕیاری ژمارە 570ـی سزادان دەدرێنە دادگە، کە سزاکەی دەگاتە بەندکردنی تووند. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری داوەتە خاوەن هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گشتییەکان کە لە کاتی هەر تەقەکردنێکدا، دەستبەجێ رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانیش دەگیرێتەبەر.


