رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەی هاوردەکردنی کاڵا دەرکرد و رایگەیاند، لە سبەی یەکشەممەوە پەسندکردنی بڕوانامەی وڵاتی دروستکەر و پسوولە بازرگانییەکان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و بە سیستمی جیهانیی ئەسیکۆدا دەبەسترێتەوە.
رۆژی شەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2026)، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەیانیی رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەم، جێبەجێکردنی ناچاری بۆ پەسندکردنی ئەلیکترۆنیی بڕوانامەی وڵاتی دروستکەر و پسوولە بازرگانییەکان لە رێگەی پلاتفۆرمی حکومیی (ئوور) دەستپێدەکات و بە سیستمی "ئەسیکۆدا"ـی گومرگییەوە دەبەسترێتەوە.
دەستەی گومرگ ئاماژەی بەوە کردووە، "هیچ مامەڵە یان مانیفێستێکی گومرگی وەرناگیرێت و تێناپەڕێنرێت ئەگەر بڕوانامەی وڵاتی دروستکەر و پسوولەی بازرگانیی پەسندکراوی لە رێگەی پلاتفۆرمی ئۆرەوە بۆ رانەکێشرابێت و لەنێو سیستمی ئەسیکۆدا پشتڕاست نەکرابێتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا، دەستەی گومرگ داوا لە سەرجەم بازرگانان، هاوردەکاران و بریکارەکانی پاکتاوی گومرگی دەکات، پەلە بکەن لە تەواوکردنی رێکارەکانی پەسندکردنی بەڵگەنامە بازرگانییەکانیان لە رێگەی پلاتفۆرمی (ئوور) و دڵنیاببنەوە لە جێبەجێکردنی مەرجە ئەلیکترۆنییەکان، تاوەکو لە کاتی راییکردنی مامەڵەکانیاندا تووشی هیچ دواکەوتنێک نەبن.
دەستەی گومرگی عێراق باسی لەوەش کردووە کە ئەم رێکارە لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی تەواوی دامەزراوەکان، ئاسانکاری لە رێکارەکان، بەرزکردنەوەی توانای کاری گومرگی و پاراستنی ئابووریی نیشتمانیدا دێت.
پلاتفۆرمی حکومیی (ئوور)، دەروازەی فەرمیی نیشتمانیی عێراقە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بە هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت.


