رووداو
دیجیتاڵ
کوژرانی
ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، نیگەرانی
و تووڕەیی لە پارێزگای ئەنبار لێکەوتەوە. دوای 9 رۆژ لە رووداوەکە، تەرمەکەی گەڕێندرایەوە
عێراق و لە زێدی خۆی لە روومادی بەخاک سپێردرا.
کەسایەتییە
سیاسی و عەشایەرییەکانی ئەنبار، کوژرانی عەلوانی بە "پەیامێکی مەترسیدار"
بۆ سەرجەم سیاسییەکانی ناوچەکە ناودەبەن.
ئەحمەد فەهد،
یەکێک لە خزمەکانی عەلوانی دەڵێت، "جێگەی داخە پایتەختەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەژێر
هەڕەشەدان. سیاسییەک ناتوانێت بچێتە دیمەشق، عەممان، بەیروت، ئەنقەرە و ئەستەنبووڵ.
ئەمە لێدانە لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە".
ئەحمەد عەلوانی،
لە ساڵی 2013 بە تۆمەتی "هاندانی تیرۆر" لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆری عێراقەوە
دەستگیرکرا و دواتر بە لێبوردنێکی گشتی ئازادکرا.
شێخ محەممەد
هاشم، سەرۆک هۆزی ئەلبوحاتم رایگەیاند، "پەیامی سیاسیی ئێمە بۆ ئەنبار ئەوەیە
کە چاو لە زۆر شت بپۆشن و یەکڕیز بن، رێگە بە هیچ دەستێوەردانێک نەدەن".
هاونیشتمانییانی
روومادیش، عەلوانی بە کەسێکی نیشتمانپەروەر وەسف دەکەن. یاسر محەممەد، دانیشتووی روومادی
دەڵێت، "کەسێک بوو عێراقی خۆشدەویست، نیشتمانی خۆشدەویست و ئەم خۆشەویستییە زیاتر
هانی دەدا".
عەلوانی،
لە ساڵی 1969 لە ئەنبار لەدایکبووە. رۆژی پێنجی ئەم مانگە لە هەولێرەوە چووەتە بەیروت
و هەر هەمان رۆژ لە رووداوێکی نادیاردا کوژرا.
ئێستا کەسوکارەکەی
و هۆزەکانی ئەنبار، چاوەڕێی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانن کە نهێنییەکانی پشت رووداوی
کوژرانەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن، تاوەکو "خوێنەکەی بەفیڕۆ نەڕوات".


