رووداو دیجیتاڵ
بوشرا موتەییری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، بە رووداوی راگەیاند، ئەو لیژنە باڵایەی لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهێندراوە، چووەتە نێو شارۆچکەی جورفوسەخر لە باکووری پارێزگای بابل؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە چاوەڕێی راگەیێندراوی فەرمیی لیژنەکەیە سەبارەت بە ئەنجامی ئەرکەکەی.
بوشرا موتەییری دەڵێ: "ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران پێکهێنراوە، لە 13ی تشرینی دووەمی 2026 چووە نێو شاری (جورفولنەسر) لە باکووری پارێزگای بابل و ئێمەش چاوەڕێی راگەیێندراوی فەرمیی لیژنەکەین."
ئەم سەردانە مەیدانییە دوای فەرمانێکی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دێت کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو دەری کرد تایبەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو زانیاری و گومانانەی پەیوەستن بە قاچاخچێتیکردن بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورفوسەخر (ئێستا بە جورفونەسریش ناودەبردرێ).
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی نووسینگەی زەیدی، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن سەعد موحسین عورەیبی، ئەمینداری نووسینگەکەیە و ئەندامەکانیشی پێکدێن لە بەڕێوەبەری هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، بەڕێوەبەری پۆلیسی وزە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش و رێککاری لە دەستەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ نوێنەرانی دەستەی دەستپاکی و ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی.
لیژنەکە دوێنێ هەینی (13ی تشرینی دووەمی 2026) دەستی بە کارە مەیدانییەکانی لە ناوچەکەدا کرد و چووە یەکێک لە بارەگا و شوێنە دیاریکراوەکان، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری ئەمنی و بڵاوبوونەوەی هێزەکان لە دەوروبەری قەزاکە، وێڕای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی لە نێو یەکە سەربازییەکان.
بە گوتەی ئەسعەد موسڵماوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، لیژنەکە درەنگانی رۆژی هەینی دوای تەواوکردنی رێکارە سەرەتاییەکانی گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا سەردانەکانی بەردەوام دەبن بۆ چوونە شوێنەکانی دیکە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک ناوچەی جورفوسەخر هێشتا پاشماوەی جەنگ و مینی تێدایە کە بە تەواوی پاک نەکراوەتەوە.
قەیرانەکە و راپۆرتی هەواڵگری
پێش پێکهێنانی ئەم لیژنەیە مشتومڕێکی سیاسی و میدیایی لە عێراقدا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو میدیا نێوخۆییەکان وردەکاریی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی پۆلێنکراو بە "زۆر نهێنی"یان بڵاوکردەوە کە لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە و لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئامادەکرابوو.
راپۆرتەکە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستبوو و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە نێوان ساڵانی 2021 و 2026 چاودێریی جووڵەی تانکەرەکان و شوێنەکانی ناوچەکەیان کردووە و تێیدا باسی لە گومانی دزین و قاچاخچێتیکردن بە بەرهەمە نەوتییەکان کراوە لە رێگەی کونکردنی ئەو بۆرییانەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵن، لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگەی سەرەتایی و کۆگای شاردراوە لە ژێر زەوی لەو ناوچەیەی کە گرووپە چەکدارە باڵادەستەکان، لە سەروویانەوە کەتائیبی حیزبوڵڵا، تێیدا جێگیرن.
لەسەر ئاستی یاسادانانیش، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی لێژنە پەرلەمانییەکان بۆ گفتوگۆکران لەسەر راپۆرتەکە ئەنجامدا، هاوکات پەرلەمان لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت پێکهێنا.
هەڵوێستە جیاوازەکان و هەستیاریی ناوچەکە
لە بەرامبەردا، ئەم تۆمەتانە بە رەتکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەن عەلی تورکی جەماڵی، پارێزگاری بابلەوە وەڵامدرانەوە، کە چەند رۆژێک پێش گەیشتنی لیژنەکە بە یاوەریی رۆژنامەڤانان گەشتێکی مەیدانی لە ناوچەکەدا ئەنجامدا و جەختی کردەوە کە ئەو شوێنەی دەنگۆی لەسەرە تەنیا وێستگەیەکی کۆنی سووتەمەنییە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و راپۆرتە بڵاوکراوەکانیشی بە بەشێک لە هەڵمەتێک دژی ئەو هێزە ئەمنییانە ناوبرد کە لە ناوچەکەدا جێگیرن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەسعەد موسڵماوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دۆسیەی جورفوسەخر دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و رۆڵی حکومەتی خۆجێیی تەنیا لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەرکی لیژنەکە کورت بووەتەوە، هاوکات جەختی کردەوە لە ئەگەری سەلماندنی گومانەکان، بە هیچ شێوەیەک زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی گشتیی دەوڵەت قبووڵ ناکەن.
هەروەها ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان هۆشدارییان دا لە قۆستنەوەی ئەم دۆسیەیە بۆ لاوازکردنی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان.
جورفولسەخر دەکەوێتە باکووری بابل و بە دووریی نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغدا هەڵکەوتووە، لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە چەکدارانی داعش لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014ـەوە گرنگییەکی ئەمنی و جوگرافیی یەکجار هەستیاری هەیە و زۆرجار ناوچەکە ململانێی سیاسی و ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت لە نێوان داواکارییەکانی حکومەت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و جیاوازیی هەڵوێستەکان لەسەر هەبوونی سەربازیی گرووپە چەکدارەکان تێیدا، جگە لەوەی لە قۆناخەکانی پێشوودا رووبەڕووی چەندین هێرشی ئاسمانیی جیاواز بووەتەوە.

