رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهۆی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری جورف نەسر، بڕیاری لەسەرکارلادانی 9 بەرپرسی باڵای ئەمنی، هەواڵگری، سەربازی و نەوتیی دەرکرد و سەرجەم تۆمەتبارانی دۆسیەکەشی رەوانەی دادگە کرد.
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کردووە کە تایبەت بووە بە خستنەڕووی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی تایبەتمەند بە پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا دروستیی سەرجەم ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە راپۆرتی بریکارێتیی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیدا هاتبوون سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت، دروستکردنی پاڵاوگەی نایاسایی و دەستکاریکردنی بۆرییەکان.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی دەستیان لە بەقاچاخبردنی نەوتدا هەبووە رەوانەی دادگە بکرێن و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، هەروەها بڕیاری دوورخستنەوەی ئەم بەرپرسانەی لە پۆستەکانیان دەرکرد:
- فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بابل.
- بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.
- بەڕێوەبەری هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.
- بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل.
- بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری.
- بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە بابل.
- فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل.
- فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.
- بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت لە وەزارەتی نەوت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی هۆشداری داوەتە سەرجەم فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆن، فەرماندەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کە بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵدەگرن بەرامبەر هەر حاڵەتێکی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری دەسەڵاتیاندا و رایگەیاندووە: "هیچ بستێک لە خاکی عێراقدا نامێنێتەوە کە قاچاخچێتیی تێدا بکرێت، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستخۆشی لە لیژنەی لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئاشکراکردنی کەمتەرخەمان و تاوانبارانی دزینی سامانی گشتی و راشیگەیاند: "حکوومەت پێداگیرە لەسەر پاراستنی سامانی گشتی و بەرپەرچدانەوەی تووندی قاچاخی نەوت، هەروەها بەرپرسیارێتیی ئەمنی و ئیداری وا دەخوازێت هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت یان دەستی لەم تاوانەدا هەبێت، بێ هیچ سازشێک بدرێتە دادگە."
ئەمە دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو میدیا نێوخۆییەکان وردەکاریی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی پۆلێنکراو بە "زۆر نهێنی"یان بڵاوکردەوە کە لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە و لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئامادەکرابوو.
راپۆرتەکە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستبوو و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە نێوان ساڵانی 2021 و 2026 چاودێریی جووڵەی تانکەرەکان و شوێنەکانی ناوچەکەیان کردووە و تێیدا باسی لە گومانی دزین و قاچاخچێتیکردن بە بەرهەمە نەوتییەکان کراوە لە رێگەی کونکردنی ئەو بۆرییانەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵن، لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگەی سەرەتایی و کۆگای شاردراوە لە ژێر زەوی لەو ناوچەیەی کە گرووپە چەکدارە باڵادەستەکان، لە سەروویانەوە کەتائیبی حیزبوڵڵا، تێیدا جێگیرن.


