رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەڵێت، دوای پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەی جورف نەسر (جورف سەخر)، هێزەکانیان لە رێگەی پلانێکی داڕێژراوەوە ئاسایشی تەواوی پشتێنەی پایتەخت دەپارێزن؛ ئاشکراشی دەکات کە خاڵەکانی پشکنینی دەروازەکانی بەغدا و هەوڵە هەواڵگرییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی وزە چڕکراونەتەوە بۆ پشکنینی تانکەرەکان و رێگریکردن لە تێپەڕبوونی نەوتی بەقاچاخ.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، عەمید عەباس مەفرەجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، سەبارەت بە کاریگەریی چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ نێو جورف نەسر لەسەر ناوچەکانی پشتێنەی باشووری بەغدا (وەک لەتیفیە، یووسفیە و مەحموودیە)، گوتی: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بەردەوام پلانەکانی بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری دادەڕێژێت و کاریش دەکات بۆ جێبەجێکردنیان لە تەواوی کەرتی بەرپرسیارێتیی خۆیدا، چ لە پشتێنەی ئەمنیی دەوروبەری بەغدا بێت یان لە سەنتەری پایتەخت لە هەردوو بەری کەرخ و رەسافە."
بەگوێرەی نەخشە شیکارییەکانی هەواڵگریی عێراق، بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخرەوە بە سێ رێگەی جیاوازەوە بەرەو پارێزگای بەغدا گوازراوەتەوە.
لەبارەی رێگریکردن لەو حاڵەتانە، عەباس مەفرەجی روونیکردەوە: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە رێگەی خاڵەکانی پشکنینی دەرەوەی شار هاوئاهەنگی و هاوکارییەکی باڵای لەگەڵ سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان و کەرتی پەیوەندیدار هەیە لە بواری گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان و بوارەکانی دیکەشدا، ئەوەش بۆ پشکنین و وردبینیکردنی تەواوی ئەو ئۆتۆمبێل، تانکەر و کەسانەی دێنە نێو سنووری بەرپرسیارێتیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداوە."
گوتیشی: "هەوڵێکی گەورەی هەواڵگری هەیە بۆ بەدواداچوونی سەرجەم تاوانە رێکخراو و تاوانکارییەکان، لەگەڵ بەدواداچوونی بەردەوامی مەیدانی لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و فەرماندە مەیدانییەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکان، پاراستنی دەستکەوتە بەدیهاتووەکان و رێگریکردن لە هەر کەسێک کە بیەوێت یاری بە ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانەوە بکات."



