رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی چیمەنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرت کە بڕێک نەوتی قاچاخی تێدا شاردرابووەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، بارهەڵگرەکە لە پارێزگای بەسرەوە بەرەو سلێمانی دەڕۆیشت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کە رۆژی هەینی، 27-11-2026 بڵاوکراوەتەوە، یەکەکانی بازگەی چیمەن گومانیان لە بارهەڵگرێک کردووە کە کۆنتێنەرێکی کەلوپەلی تەندروستیی هەڵگرتبوو و بە قوفڵی گومرگی داخرابوو کە لە پارێزگای بەسرەوە بەڕێکەوتبوو و دەیویست بچێتە سلێمانی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی گومان لە بارهەڵگرەکە کرا و پشکنینی لە رێگەی ئامێری سۆنەرەوە بۆ کرا، دەرکەوت نەوتی قاچاخی تێدایە."
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە کردووە، شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیرکراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا گیراوە، ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی پشکنین.

راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگا ئەمنییەکان دێت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، تووندکردنی چاودێریی سەر رێگەکان و دەروازەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.



