رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند، واشنتن پشتیوانیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا دەکات لە رێگەی گفتوگۆ و بەگوێرەی دەستووری عێراق.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ئەمریکا پشتیوانیی عێراقێکی خاوەن سەروەری، یەکگرتوو و فیدراڵ دەکات، هەروەها پشتیوانیی هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکات لە چوارچێوەی عێراقدا."
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە پشتیوانیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەین لە رێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستووری عێراقدا بگونجێت."
ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنی ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی هەولێری لێکەوتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی بڕیارەکانی زەیدییان کرد بۆ خستنەژێر کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە. هەردوو حیزبەکە هەنگاوەکانیان بە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان و بەزاندنی "هێڵی سوور" وەسفکرد و جەختیان لە "گفتوگۆ" کردەوە لەبری "بڕیاری تاکلایەنە."
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هەزاران کەس لە هەولێردا دژی بڕیارەکانی بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و ئەو هەنگاوانەیان بە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان ناوبرد.
هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق (عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، نزار ئامێدی سەرۆککۆمار، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری) رێککەوتوون رۆژی سێشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2026، کۆبوونەوەیەکی گفتوگۆی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە ئەنجامبدەن.



