رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، بە بەدواداچوونی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق، توانیویانە بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە بگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند: "بە بەدواداچوونی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، توانرا فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق لە میسر بگەڕێنینەوە."
بەپێی دەستەی دەستپاکیی عێراق، فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەکە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپووڵ) و باڵیۆزخانەی عێراق لە قاهیرە، توانیویانە تۆمەتباری هەڵاتوو (فەرحان فەرتوسی) بە دەستبەسەرکراوی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بگەڕێننەوە و رادەستی دادگەی بکەن.
دەستپاکیی عێراق گوتی: "تۆمەتی ئاراستەکراو پەیوەندیی بە خراپ بەکارهێنانی پۆستەوە هەیە لەو ماوەیەی وەک بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق (کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەیە) کاری کردووە".
دەستپاکیی عێراق باسی لەوەش کرد: "دادوەری دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دوای بینینی بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان، لە سەروویشیانەوە راپۆرتی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر و راپۆرتی فەرمانگەی خۆپارێزی لە دەستەی دەستپاکی، بەڵگەکانی بە تەواو و متمانەپێکراو زانیوە بۆ ئاراستەکردنی تۆمەت بۆی، بەپێی مادەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتنی ناڕەوا ژمارە (30ـی ساڵی 2011)ـی هەموارکراو، هەربۆیە فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ دەرکرابوو".
دوای سەردانەکەی رۆژی23ـی تشرینی دووەمی2026ـی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ قاهیرە و لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی رادەستکردنەوەی تاوانبارانی ساڵی 1931ی نێوان هەردوو وڵات، دەسەڵاتدارانی میسر تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد و رادەستی عێراقیان کردەوە.

فەرحان فەرتووسی لە ساڵی 2020 وەک بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق دەستبەکاربوو، کە سەرپەرشتیی شەش بەندەرە سەرەکییەکەی عێراق و پڕۆژەی ستراتیژیی (بەندەری فاو)ی دەکرد.
لە نیسانی2024، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی باسی لە بەهەدەردانی نزیکەی 20 تریلیۆن دینار کرد و 86 پەرلەمانتار داوای لەکارلادانی فەرحان فەرتووسییان کرد.
لە نیسانی 2025، ناوی فەرتووسی لە توێژینەوەیەکی سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەکادیمیای سەربازیی ئەمریکا (وێست پۆینت) هات، کە تێیدا ئاماژە بە بەکارهێنانی بەندەرەکانی بەسرە و وێستگەی نەوتیی (VS) لە خور زوبەیر کرابوو بۆ تێپەڕاندن و تێکەڵکردنی نەوتی ئێران و ساختەکردنی بەڵگەنامەکان بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان.
لە تشرینی دووەمی 2025، دەنگۆی دەرچوونی فەرمانی بانگهێشتکردن بۆی لە دادگای دەستپاکیی بەسرە بڵاوبووەوە بەهۆی تۆمارێکی دەنگییەوە، بەڵام ئەوکات بەڕێوەبەرایەتیی بەندەرەکان هەواڵەکەی رەتکردەوە و بە هەوڵێک بۆ پەکخستنی پڕۆژەی بەندەری فاوی لەقەڵەمدا.
لە 1ـی حوزەیرانی 2026، حکوومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ 60 رۆژ لە پۆستەکەی دووریبخاتەوە، پاشان لە 18ی هەمان مانگدا خانەنشین کرا.
دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین لەلایەن دادگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە، فەرتووسی عێراقی جێهێشت.



