رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ قاچاخی بە سووتەمەنی و وەرگرتنی بەرتیل، دادگەی تاوانەکانی نەینەوا سزای حەوت ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بەسەر بەڕێوەبەری هۆبەی بازگەکانی نەوتی نەینەوا و راسپێردراوێکی پۆلیسی وزەدا سەپاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند: "دەستەی یەکەمی دادگەی تاوانەکانی نەینەوا بە شێوەی ئامادەبوون بڕیاری سزادانی بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەری هۆبەی بازگەکانی نەوتی نەینەوا و راسپێردراوێکی پۆلیسی وزە دەرکردووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە ئاسانکاریکردن بۆ بردنە دەرەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بە قاچاخ بۆ دەرەوەی پارێزگاکە".
دەستپاکیی عێراق راشیگەیاند: "ئەو دۆسیەیە پەیوەندیی بە تێوەگلانی تۆڕێک لە ئەفسەر و کارمەندانەوە هەبووە کە لە رێگەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و تانکەرەوە کاری قاچاخچێتییان کردووە".
پرۆسەکە بەشێوەیەک بووە کە بڕە پارەیەک وەک بەرتیل دراوەتە بازگەکانی سەر بە پۆلیسی نەوتی نەینەوا، لە بەرامبەر رێگەپێدان بە تێپەڕبوونی تانکەرە بارکراوەکان بە سووتەمەنی، هاوکات سەرانە و پارەشیان لە گۆڕەپانەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە پارێزگاکە کۆکردووەتەوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق گوتیشی: "جگە لە سزای زیندانیکردنەکە، دادگە بڕیاری داوە هەریەک لە سزادراوان بە بڕی 10 ملیۆن دینار پێبژاردن سزا بدرێن؛ لە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیەشدا، ماوەی سێ ساڵی دیکە زیندانی دەکرێن کە دوای تەواوبوونی سزا سەرەکییەکە جێبەجێ دەکرێ".
دادگەی تاوانەکانی نەینەوا دوای لێکۆڵینەوە لە بەڵگە بەردەستەکان و دڵنیابوونەوە لە تێوەگلانی تۆمەتباران، بڕیارەکەی بەپێی سزاکانی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 و مادەکانی هاوبەشیکردن (47، 48 و 49) لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە.
بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983، تایبەتە بە سزادانی ئەو فەرمانبەر و کارمەندانەی کە دەسەڵات و پێگەکەیان بۆ وەرگرتنی بەرتیل، قۆستنەوەی پۆست یان زیانگەیاندن بە سامانی گشتی بەکاردەهێنن و سزای تووندی زیندانیکردنی تێدا دیاریکراوە.
پارێزگای نەینەوا یەکێکە لەو پارێزگایانەی عێراق کە خاوەنی یەدەگێکی زۆری نەوت و گازە، بەتایبەت لە ناوچەکانی گەیارە و سەفییە.



