رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، کۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و خشتەی کاتیی بۆ هەردوو بژاردەی کارتی بایۆمەتری و کارتی نیشتمانی ئامادە کردووە. گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت: "بڕی بودجەی پێویستمان دیاریکردووە و نووسراومان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەستەیەکی پیشەیی، سەربەخۆ و بێلایەنە و کرۆکی کارەکەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانە، جا چ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێت یان پەرلەمان یان گشتپرسی، بۆیە بەدڵنیاییەوە کۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو وادەیەی کە لەنێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندا دیاری دەکرێت."
سەبارەت بە وادەی یاسایی هەڵبژاردنەکە، جومانە غەلای گوتی: "بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێت هەڵبژاردنەکە 45 رۆژ پێش وادەی بەستنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی یەکەم دانیشتنی هەر پارێزگایەک کە پێشتر بەستراوە."
گوتەبێژی کۆمیسیۆن باسی لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان کرد و گوتی: "کۆمیسیۆن خشتەیەکی کاتیی بۆ هەردوو دۆخەکە ئامادە کردووە، چ دەنگدان بە کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو بێت یان بە کارتی بایۆمەتری. لەبەرئەوەی ئێستا یاسای هەڵبژاردنی ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراو دەنگدەرانی پابەند کردووە بە کارتی بایۆمەتری، بەڵام ئەگەر یاساکە هەموار کرایەوە و کارتی نیشتمانی پەسند کرا، کۆمیسیۆن بۆ ئەو لایەنەش ئامادەیە و خشتەی کاتیی هەردووکیانی تەواو کردووە و بەرزیکردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە مەبەستی پەسندکردنی."
لەبارەی دابینکردنی بودجەی پرۆسەکە، جومانە غەلای دەڵێت: "بودجەی هەڵبژاردن کە کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە پێویستییەتی دیاریکراوە و نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی کراوە و کارکردن لەم رووەوە بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە بودجەی هەڵبژاردن."
لە بارەی هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: "کۆمیسیۆن لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بۆ وەرگرتنی داتای دەنگدەران؛ تاوەکو ئێستا داتاکانی پارێزگای بەغدا وەرگیراون و کارکردن بەردەوامە بۆ وەرگرتنی داتای پارێزگاکانی دیکەش، بەپێی راسپاردەی وەزیری ناوخۆ بۆ هاوکاریکردنی کۆمیسیۆن، دەبێت لە ماوەیەکدا کە لە 10-12 تێپەڕ نەکات، سەرجەم داتاکان رادەستی کۆمیسیۆن بکرێن."
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، کە تێیدا زیاتر لە 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و ئەنجوومەنی 15 پارێزگا هەڵبژێردران، لەنێویاندا پارێزگای کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای تێدا ئەنجامدرا.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق (یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراو)، ماوەی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان چوار ساڵە و لە رۆژی بەستنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکەوە دەستپێدەکات.
بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتریش وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ دەنگدان دیاریکراوە، هەر گۆڕانکارییەکیش بۆ بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاساکە هەیە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.



