رووداو دیجیتاڵ
دەستەی پشکنینی سەر بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پارێزگاکانی بەسرە و کەرکووک دەستیان بەسەر هەشت تانکیی گەورەی نەوتی رەش و گازوایل و چەند پێگەیەکی بێ مۆڵەتی قاچاخچێتیی سووتەمەنیدا گرت.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی2026، رایگەیاند: "هەڵمەتەکان لە چوارچێوەی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردنە لە قاچاخچێتی و بازرگانیکردنی نایاسایی بە بەرهەمە نەوتییەکان".
لە پارێزگای بەسرە، تیمەکانی پشکنین بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی لە ناوچەی فەزای زوبێر، توانیویانە دەست بەسەر پێنج تانکیدا بگرن کە بڕێکی زۆر بەرهەمی نەوتی رەشیان تێدا بووە.

هاوکات لە پارێزگای کەرکووک، لە کاتی پشکنینی یەکێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە گوندی گورگەچاڵ، تیمەکان دەستیان بەسەر سێ تانکی قەبارە جیاوازدا گرتووە کە بڕێکی نەزانراو (گازوایل)یان تێدا بووە، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک پەمپی بەتاڵکردنی سووتەمەنی (روبن)ـیشدا گیراوە کە لە شوێنەکەدا بوون.
رێکاری یاسایی پێویستیش بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر و کۆنووسی دەستبەسەرداگرتن بۆ سەرجەم سووتەمەنی و کەرەستەکان رێکخراوە.
گوندێکە لە سنووری پارێزگای کەرکووکە، دەکەوێتە نزیک گوندی سێکانیان لە سەر رێگەی کەرکووک- هەولێر.



