رووداو - هەولێر
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی 30 هەزار تۆن برنجمان کڕیوە و کێشەی کەمیی برنجمان لە ئەمبارەکان نابێت.
سیروان محەممەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "بەکاتی سلێمانی"ی رادیۆی رووداو گوتی "بڕی پێویست برنجمان لە هیندستان کڕیوە کە نزیکەی 30 هەزار تۆنە، هەروەها بڕی پێویست رۆنی زەیتمان هەیە و هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراکمان نابێت".
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دەشڵێ "هەر لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە چین، ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە قسەمان کردووە، زانیاریی باشمان لەسەر ئەو ڤایرۆسە و کاریگەرییەکانی لەوان وەرگرتووە، ئامادەکاریی خۆمان کردووە و چینییەکان ئامۆژگارییان کردین کە گرنگی بە پێداویستییە پزیشکییەکان و خۆراک بدەین".
سیروان محەممەد دڵنیایی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەدات و رایدەگەیێنێت "پەیوەندیی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدایە".
ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوە و هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکان سنووردار کراوە.


