رووداو دیجیتاڵ
بەڕێدەکەوین بەرەوە شنگال، دەمەوێ لە نزیکەوە ئاوارەکانی کەمپی سەردەشت لەسەر چیای شنگال ببینم. لای شنگالییەکان هێشتا ئەو برینەی داعش لەسەر جەستە و دەروونیان دروستی کردبوو، ساڕێژ نەبووە. دیمەنی ئەو ماڵوێرانییەی بەدەست ئەو گرووپانەوە بینیویانە، لەبەر چاویان وون نەبووە.
حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەو شوێنەی ئاوارەکانی شنگال لە دەست چەکدارانی داعش پەنایان بۆ هێناوە، بەبێ خواستی خۆیان پێیان چۆڵ بکات، بەڵام بەبێ هیچ هاوکارییەک و ئامادەکارییەکی پێشوەخت.
منداڵ و ژن و پیاو، هەموویان ماندوویەتی 7 ساڵی ژیانی ساردی و گەرمی نێو کامپ بە رووخساریانەوە دیارە. هێشتا لە دیمەنەکانی ناو کامپەکەم دەڕوانی کاتێک لڤینی 12 ساڵم بینی کە خەریکی کارێکە دوور لە توانا و تەمەنی خۆی.
لەگەڵ لۆزین سەردانی ئەو خێوەتەمان کرد کە لەگەڵ باوک و دایک و خوشکوبراکانی تێیدا دەژین. دایکی لۆزین تووشی نەخۆشی بووەهۆی ئەو دۆخە خراپەی کە لەنێو کامپەکەدا هەیانە. ئەو دەڵێت لەو کاتەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری چۆڵکردنی کامپەکانی داوە، هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێنەگەیشتووە.
علی قاسم: ئاوارەی شنگالە لە کامپی سەردەشت، دەڵێت ''دۆخی ئێمە ئەمساڵ زۆر خراپە، لە لایەنی گاز و موادی خۆراکی، هاوکارییەکانی دیکە سێ مانگە ئێمە هیچمان نەبینیوە. رێکخراوی کۆچ و کۆچبەران سێ مانگ پێش ئێستا هاوکارییان کردین، بەڵام بۆ ئەم ساڵ لیترێک گاز نەگەشتووەتە سەردەشت. ئەوەتا تۆ دەیبینی هەمووی تێکدراوە نە دەرگا نە پەنجەرە هیچ بەسەر یەکەوە نەماوە.
فاتیمە کە سەرەتا نەیویست لە کامێراکەی رووداو دەرکەوێت، دەڵێت ئەوەندە قسەیان کردووە ماندوو بوون، چونکە نە حکومەتی عێراق و نە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵیان راست نەبوون.
فاتیمە مووسا، ئاوارەی شنگالە لە کامپی سەردەشت، دەڵێت ''ژیانمان لێرە نەماوە، هەندێک ئیشیان دەستدەکەوێت، هەندێکی دیکەش وەکو ئێمە داماو لەناو هەموویاندا، بەخوا هیچمان بۆ ناکەن، هەر رۆژە و سەت جار ناومان دەنووسن بۆ گاڵتە و گەپ، با بەس بێت ئیتر کەس هیچمان بۆ ناکات، ئەگەر کەسێک هەبووایە بە راستی ئەوا دەنگی ئێمەی دەگەیاند، کەس هاوکاریمان ناکات. چی بکەین؟ بێچارەین و توانامان نییە ئێرە بەجێبهێڵین، کەس هاوکاریمان ناکات، شتێک لێرە نییە، راستە دێن رۆژێک دەجار ناومان دەنووسن، بەڵام هەمووی درۆ دەکەن'.'
جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان لەڕێگەی بڕینی هاوکاری رێکخراوەکان بۆ ئاوارەکانەوە ئەنجامدرا. نزیکەی 500 خێزان بە ناچاری گەڕانەوە بۆ نێو داروپەردووی خانووە رووخاوەکانیان لە شنگال. ئەوانەی تاوەکو ئێستا ناگەڕێنەوە دەڵێن، هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی و هیچ ئاسەوارێکی ژیان لە شنگال بۆ گەڕانەوە نابینین.
خەلیل شێخۆ یەکێکە لەوانەی کە گەڕاوەتەوە بۆ شنگال. داعش خانووەکەی تەقاندووەتەوە و وێرانەیە. دەڵێت توانای دووبارە دروستکردنەوەی نەبووە بۆیە بە ناچاری لە تەنیشتی خانووە رووخاوەکەی لە خێوەتێکدا دەژی.
خەلیل شێخۆ بە رووداوی گوت، ''داعش هاتە ئێرە و خانووەکەی منی تەقاندەوە، کاتێک هاتمەوە بینیم خانووەکەم هیچی نەماوە ناچار بووم لە تەنیشتییەوە خێمەیەک هەڵبدەم. کەس هاوکاری نەکردووم، کەس نەهاتووە بە لامانەوە، نە ئاو نە کارەبا هیچ لێرە نییە. لە بەیانییەوە تاوەکو ئێستا یەک کاژێر کارەبای حکومی نەبووە''.
بەشار ئیسماعیل، ئاوارەی گەڕاوەی شنگالە، ئەو دەڵێت ''خزمەتگوزاری چی؟ فەرموو ئەوە خزمەتگوزارییە لێرە، دەڵێن خزمەتگوزاری لە شنگال دەکەین هیچ نابینین، بەخوا ئەوەی دەگوترێت جگە لە درۆ هیچی دیکە نییە، کارەبا لە 24 کاژێر نیو کاژێر نایبینین، هەر کەسێک بڵێت خزمەتگوزاری لە شنگال هەیە راست ناکات، چەند لایەن هاتوون هەموویان درۆ دەکەن. نە حکومەتی عێراق نە کوردستان نە هیچ کەسێک هەمووی درۆ دەکەن.''
بەرجەت خەلیلیش کە بەهەمانشێوەی ئاوارەی گەڕاوەی شنگالە باس لەوە دەکات، ''راستە حکومەت بڕیاری خۆی داوە، خەڵک بە هۆی ئەو بڕیارەوە گەڕایەوە. کارەبا لێرە بڕاوە، بەتایبەتی کارەبای حکومی، لە ماوەی 24 کاژێردا ئەگەر کاژێرێک هەبێت یان نا، خەڵک چۆن بگەڕێتەوە؟ باشە جادە و بانەکان چاک بکەن، ئەواتا بەحسابی چاککردنی جادە و بانەکان مەجارییەکانیان خراپ کردووە. بۆچی لە ناوچەکانی دیکە هەیە بۆ لە شنگال نییە؟''
جگە لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان وەکو ئاوارەکان خۆیان دەڵێن، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەیان بۆ شنگال، بەڵام بەرپرسێکی حەشدی شەعبی دەڵێت؛ کەسانی مەدەنی ئەوانەی هیچ کێشەیەکی سیاسییان نییە دەتوانن بگەڕێنەوە.
خاڵ علی، بەرپرسی حەشدی شەعبییە لە شنگال، ئاماژە بەوە دەکات، ''ئەگەر مەدەنی بێت و سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت و خەڵکی شنگال بێت مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە شنگال، واتا تیرۆریست نەبێت، بیروبۆچوونی ئینسانی بێت، کێشەمان نییە.''
لە دوای ساڵی 2014 ژمارەی کامپی ئاوارەکان لە عێراق 174 کامپ بوون. دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا 146 یان داخستووە و تەنیا 28 ماون. 26 یان لەناو هەرێمی کوردستاندان. حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بڕیاری داخستنی کامپەکانی نەداوە.


