رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، لە هەر بازگەیەکی پۆلیسی هاتووچۆ ببیندرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت. لەبارەی یەکخستنی سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێرییش رایگەیاند، رێبەرێکی نوێ بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری ئامادە کراوە، وەزارەتی ناوخۆ پەسندی کردووە و بەمنزیکانە لە هەموو هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت.
رۆژی 12-01-2023 عەمیدی مافپەروەر سیروان بەرزنجی، بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوراز گوڵپی و جەعفەر رەشید پێشکێشیان کرد، باسی لە کاریگەریی خراپی رێگەوبانەکان لەسەر زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ کرد و گوتی، "هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانی هاتووچۆ پابەندنەبوونی شۆفێرانە بە خێرایی دیاریکراوەوە، پێشتر دەمانگوت ئەگەر رێگەوبانەکان باش بن، رووداوی هاتووچۆ کەم دەبێتەوە، بەڵام زۆریی رووداوەکانی شەقامی 120 مەتریی هەولێر ئەو راستییەی پیشانداین کە ئەگەر شۆفێران پابەندی رێنوێنییەکان نەبن، شەقامی باش نابێتە هۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ."
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەستیپێکردووە، بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، هیچ هەڵمەتێکیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان نەکردووە، بڕیاریش نییە هەڵمەتێکی تایبەتی بۆ بکەن، بەڵام لە هەر بازگەیەکی جێگیر و کاتییەکانی پۆلیسی هاتووچۆ ببیندرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت؛ دەشڵێت، "هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ تۆمارکردنیان."
پێشتر هاتووچۆی هەولێر هەڵمەتێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکان کرد، عەمید سیروان بەرزنجی گوتی، "هەڵمەتەکە بەردەوامە". داواش لە هاونیشتمانییان دەکات پشتگیرییان بکەن، لەبەر ئەوەی زۆربوونی ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا ژیانی شۆفێرەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.
لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری هەن، لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ کار بە سیستمی کۆری دەکرێت، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین کار بە سیستمی دانیمارکی دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئەو جیاوازییە نامێنێت و "رێبەرێکی نوێ بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری ئامادەکراوە، ئەو وێنانەی تێیدا بەکارهاتووە هەمووی وێنەی شەقامەکانی هەرێمی کوردستانن، سوود لە پێشکەوتنە نوێیەکانی بواری هاتووچۆ وەرگیراوە، رێبەرەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پەسند کراوە، لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەموو هەرێمی کوردستان کاری پێدەکەن و سیستمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری یەکدەخرێت."

.jpg&w=3840&q=75)
