رووداو دیجیتاڵ
قەڵای ئەهریمەن و گەلیی کاڕاچای، شوێنەوارە مێژووییەکان و سروشتی ئەردەخان بە گشتی دوای زنجیرەیەک نۆژەنکاری، لە وەرزێکی نوێدا پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن.
قەڵای ئەهریمەن و گەلیی کاڕاچای لە شارۆچکەی چڵدری سەر بە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان، بە سروشتی سەوز و دیمەنی سەرنجڕاکێشەوە، چاوەڕێی سروشتدۆست و گەشتیاران دەکەن.
قەڵاکە کە لە سەدەکانی پێش زایین بە مەبەستی بەرگری دروستکراوە و چەند دەروازەیەکی سەرنجڕاکێشی هەن، لەگەڵ گەلیی کاراچای، دیمەنێکی جیاواز پێشکێشی سەردانیکەران دەکات.
ئۆغور دەدە، بەڕێوەبەری کولتوور و گەشتیاریی ئەردەخان رایگەیاند، قەڵای ئەهریمەن نۆژەنکراوەتەوە و رووناک کراوەتەوە و دەوروبەرەکەی زیاتر رێکخراوە. ئێستا وا باڵەخانەیەکی خزمەتگوزاری و گەراجی ئۆتۆمبێل دروست دەکرێن و کاری بیناسازی بەردەوامە.
هەروەها گوتی: "ئەردەخان لە ناوچەیەک هەڵکەوتووە کە هاوینان لە خۆشترین کەشی فێنکدا پێشوازی لە گەشتیارانی دەکات. بەتایبەتی بەو زنجیرە نۆژەنکارییەی ئەم دواییە، وادەکات سەردانیکاران بە خۆشییەوە کات بەسەر ببەن. ساڵانە بە تێکڕایی زیاتر لە 100 هەزار کەس سەردانی گەلیی کاراچا و قەڵای ئەهریمەن دەکەن. ئەوانە گەورەترین دوو شوێنەواری گرنگی ئەردەخانن لەو ناوچەیە. راستە دەریاچەی چڵدریش زۆر گرنگە، بەڵام قەڵای ئەهریمەن کە مێژووەکەی بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە و قەڵایەکی ناوازەیە و لانکەی چەندین شارستانی بووە".
بەڕێوەبەری کولتوور و گەشتیاریی ئەردەخان هەروەها رایگەیاند، قەڵاکە و گەلییەکە لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناساندنی زیاتریان بۆ کراوە و ئەم ساڵ گەشتیاری دەرەوە زیاتر روو لە ناوچەکە دەکەن.
بۆچی ناوەکەی ئەهریمەنە؟
ئەو ناوە، کۆنە. بەگوێرەی گوتەی شارەزایان و مێژووناسان، بەهۆی ئەوەی گەیشتن بەو شوێنە سەخت بووە و لە شوێنێکی چۆڵ هەڵکەوتووە، بۆیە وای پێ گوتراوە. دەگێڕنەوە کە جاران دایکان منداڵەکانی خۆیانیان بەوە ترساندووە و گوتوویانە: "ئەگەر بەگوێم نەکەیت، دەتبەینە قەڵای ئەهریمەن".
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

