رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی بەرگریی ناتۆدا، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان کراوە.
زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتەکە رۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یەکەیەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" (PATRIOT)ی سەر بە ئەڵمانیا لە بنکەی کورەجیک لە پارێزگای مەڵەتی جێگیر کراوە و لە رۆژی 24ی حوزەیرانی 2026دا بە فەرمی ئەرکی پاراستنی ئاسمانیی ناوچەکەی لە سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی وەرگرتووە کە پێشتر لەو بنکەیەدا جێگیر بوو.
پێشتر لە چوارچێوەی پلانی بەرگریی هەمیشەیی هاوپەیمانێتیی ناتۆ و بە مەبەستی بەهێزکردنی چەتری بەرگریی ئاسمانیی ناوچەکە، لە 18ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، یەکەیەکی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی SAMP/Tی سەر بە ئیتاڵیا لە فەرماندەیی بنکەی 3یەمی سەرەکیی فڕۆکە جەنگییەکان لە شاری کۆنیا داندرا.
هاوپەیمانیی ناتۆ لە دوای ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 2026دا، بەردەوامە لە زیادکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئاسمانی و مووشەکییەکان لە ناوچەکە و پاراستنی ئاسمانی وڵاتانی ئەندام لەم هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەدا.
بنکەی سەربازیی کورەجیک لە مەڵەتیی باکووری کوردستان ، لە ساڵی 2012ەوە وەک بنکەیەکی گرنگی راداری هۆشداریی پێشوەختەی ناتۆ (AN/TPY-2) کار دەکات، کە ئامانجی سەرەکیی ناسینەوە و بەرپەرچدانەوەی مەترسییە موشەکییە بالیستییەکانە لە دەرەوەی سنوورەکانی ناتۆ.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

