رووداو دیجیتاڵ
لەشنگال کۆمەڵە گەنجێک بە دەنگ و ئاوازی تەمبوورەکانیان، کار بۆ زیندووکردنەوە و پاراستنی فۆلکلۆری رەسەنی ناوچەکە دەکەن. "کۆما گەلواز" ئەو گرووپە میوزیکەیە کە دەیەوێت ناسنامە و کولتووری شنگال لە دڵی منداڵاندا بچێنێت و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە بیگوازێتەوە.
کۆما گەلواز ماوەی ساڵێکە لەلایەن گەنجێکی شنگالییەوە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دامەزراوە. گرووپەکە لە نزیکەی 10 کچ و کوڕی دەڤەرەکە پێکهاتووە و لەو ماوە کورتەدا توانیویانە لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی ناوخۆییدا بەشداری بکەن.
مەدلین موحسین، ئەندامی کۆما گەلواز، سەبارەت بە کارەکانیان دەڵێت: "ئێمە وەکو ئەندامانی ئەم گرووپە، سترانە فۆلکلۆرییەکان دەڵێینەوە، تەنیا بەو ئامانجەی کە ئەو مێژوو و کولتوورە دەوڵەمەندەمان ون نەبێت و نەوەی نوێ پێی ئاشنا بێت."
هەوڵی ئەم گەنجانە تەنیا لە چوارچێوەی راهێناندا نەماوەتەوە، بەڵکو لەسەر ستەیج و کۆنسێرتەکانیشدا دەنگی خۆیان گەیاندووە. فەرەج قاسم، ئەندامێکی دیکەی گرووپەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات: "لە کۆنسێرتەکاندا سترانی شنگالی دەڵێینەوە، چونکە پاراستنی ئەم هونەرە بە ئەرکی خۆمان دەزانین."
خەیری عەدوڵا، بەرپرسی کۆما گەلواز، باس لە پەیام و ئامانجی گرووپەکەیان دەکات و دەڵێت: "ئامانجمان ئەوەیە سترانە کۆنەکانمان بە شێوازێکی نوێ و بە مۆسیقایەکی سەردەمیانە پێشکەشی خەڵکی بکەین. ئێمە هەموومان لێرەدا وەکو خۆبەخش کار دەکەین و دەمانەوێت ئەم پەیامە کولتوورییە بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنین."
ئەم گرووپە لە رێگەی تێکەڵکردنی دەفی رەسەن و سترانی فۆلکلۆری، هەوڵ دەدەن ناسنامەی شنگال لە فەوتان بپارێزن و بە شێوازێکی نوێ، رۆحیانەت بدەنەوە بەو گۆرانییانەی کە ساڵانێکی درێژە لە ناوچەکەدا دەگوترێنەوە.


