رووداو دیجیتاڵ یازدە ساڵ بەسەر رزگارکردنی قەزای شەنگال لە دەستی چەکدارانی داعش تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا وێرانکاری لە شارەکەدا ماوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین نەکراون. هاووڵاتییان ململانێ سیاسییەکان بە هۆکاری سەرەکیی ئاوەداننەکردنەوەی ناوچەکەیان دەزانن، لە کاتێکدا لە ساڵی 2018ـەوە نزیکەی 400 ملیار دینار بۆ قەزاکە تەرخانکراوە، بەڵام تەنیا 250 ملیار دیناری خەرج کراوە. 11 ساڵ پێش ئێستا داعش لەم شارە کۆتایی هات و بەتەواوی رزگار کرا. بەڵام دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، هێشتا ئاسەوارەکانی شەڕ لەنێو کۆڵان و گەڕەکەکانی شارەکەدا دیارن و چیرۆکی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە. راکان رەڤۆ، چالاکڤانی سیاسی لە شەنگال دەڵێت: «دوای 11 ساڵ نەدەبوو هیچ شوێنێک بە وێرانی بمێنێتەوە و دەبوو هەموو خەڵکی شەنگال بگەڕێنەوە؛ بەڵام هۆکاری نەگەڕانەوەیان ئەوەیە کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان لە شەنگال نین. قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بەشی خەڵک ناکەن، دۆخی ئاو و کارەبا لە ساڵی 2014 خراپترە و حکومەتیش تاوەکو ئێستا 5٪ـی قەرەبووی خەڵکی نەداوە». دانیشتووانی قەزاکە، ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان بە بەربەستی سەرەکیی بەردەم ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ناوچەکەیان دەزانن. جەمال شەمۆ، کە هاووڵاتییەکی شەنگالە، ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەو هەموو ساڵەی بەسەر جینۆساید و ماڵوێرانیی شەنگالدا تێپەڕیوە، هێشتا خراپیی دۆخەکە ماوە و وەکو پێویست ئاوەدان نەکراوەتەوە. ئەو دەڵێت: «دەبوو لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی شەنگال ئاوەدان بکرێتەوە، تاوەکو ئێستاش ژیان بۆ هەندێک شوێن و کۆمەڵگەی وەکو گرزەرک و کۆچۆ نەگەڕاوەتەوە و گەلێک شوێنی دیکەش بەو شێوەیەن». ناجی حەجی، مامۆستایەکی قەزاکەیە و گلەیی لە پەراوێزخستنی شەنگال هەیە و دەڵێت: «لە دوای رزگاربوونیەوە لە دەستی داعش، شەنگال لە ململانێی سیاسی و نەبوونی ئیدارە رزگاری نەبووە. ئێمە وەکو خەڵکی شەنگال دەبینین کە قەزاکەمان لەلایەن حکومەتەوە زۆر پشتگوێ خراوە و ئیهمال کراوە. کاتێک سەیری دەوروبەری خۆمان دەکەین، بۆ نموونە قەزای تەلەعفەر زۆر پێشکەوتووە، تەنیا ناوچەکەی ئێمەیە کە یەکەی ئیداریی تێدا نییە و ژێرخانەکەی لەناوچووە». بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2018ـەوە ئەو بودجەیەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ قەزای شەنگال دەستنیشان کراوە، نزیکەی 400 ملیار دینارە؛ بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا نزیکەی 250 ملیار دیناری خەرج کراوە و تاوەکو ئێستاش هیچ بودجەیەکی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە تەرخان نەکراوە.
کوردستان13-11-2026سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: لایەنێکی شیعی داوای کردووە پارێزگاری کەرکووک تورکمانی شیعە بێت