رووداو دیجیتاڵ
لیوا سمێ بۆسەلی، ئەندامی فەرماندەیی زێرەڤانی و یەکێک لە فەرماندە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شنگال رایگەیاند، رۆژی رزگارکردنی قەزاکە بەهۆی ورەی بەرزی پێشمەرگەوە "وەک سەیران بوو نەک شەڕ." ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە جەختیکردەوە، کە تاوەکو رێککەوتنی شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکرێت و گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە نەکشێنەوە، دۆخی خەڵکی شنگال ئاسایی نابێتەوە.
لیوا سمێ بۆسەلی، بەشداری لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆری میدیایی رووداوی کرد، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی دەکرد و باسی بیرەوەرییەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شنگالی کرد و گوتی، "ئەو رۆژەی چووینە نێو شنگال، بۆ ئێمە وەک بەرەی شەڕ نەبوو، دەتوانم بڵێم، بۆ ئێمە وەک سەیران و خۆشییەک بوو."
هۆکاری ئەمەشی، وەک خۆی باسی کرد، بۆ ورەی بەرزی هێزی پێشمەرگە و "ئەو گیانفیداییە گەورەیە" گەڕاندەوە کە "لە دڵی پێشمەرگەدا بوو و بەهۆی ئەو ستەم و خیانەتەی داعش لە خەڵکی شنگالی کردبوو."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک بارزانی راستەوخۆ و لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە و پێشتر بەڵێنی بە خەڵکی ناوچەکە دابوو بیانگەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای شنگال و ئاوارەکان، لیوا سمێ بۆسەلی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی، "خەڵکی شنگال قوربانیدەرن، بەڵام جێگەی داخە، ئەمڕۆ کەوتوونەتە نێو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و هەندێک خەڵک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، بازرگانی و یارییەکی سیاسی بە خەڵکی شنگالەوە دەکەن."
ئەو پێی وایە تاوەکو رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق جێبەجێ نەکرێت، ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە ناگەڕێتەوە. "بەخوا تاوەکو ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی کراوە جێبەجێ نەکرێت، بڕوا ناکەم ئارامی و ئاسایش بەخۆیەوە ببینێت."
لیوا سمێ بوسەلی هەروەها باسی لە دۆخی کارەساتباری خەڵک لەسەر چیای شنگال لەکاتی هێرشی داعش کرد و رایگەیاند، "ئەگەر هاوکاریی ئاسمانیی نەبووایە، بڕوام وایە سەدان کەس لەو چیایە، لە پیرەژن و منداڵ دەمردن، چونکە چیای شنگال ئاوی لێ نییە."
