رووداو دیجیتاڵ
لە بازگەیەکی سنووری قەزای خورماتوو لە ئۆتۆمبێلێکدا دەست بەسەر چوار ملیۆن دۆلاردا گیرا، بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی قەزاکە گومان دەکرێت ئەو پارەیە پەیوەندیدار بێت بە دۆسیەکانی گەندەڵی و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، ئەو چوار ملیۆن دۆلارە لە بازگەی عەباس چۆمە دەستی بەسەردا گیراوە، کە ئێستا لەبەردەست پۆلیسی خۆجێیی پارێزگاکەیە.
بازگەی عەباس چۆمە لە باشووری قەزای خورماتووە و رێگەی سەرەکیی هاتووچۆیە بۆ پارێزگای دیالە.
ئەو سەرچاوە بەرپرسە رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە تابلۆی بەغدای پێوەبووە و بەرەو دیالە بەڕێکەوتووە، یەک کەسی تێدابووە و دەستگیرکراوە.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەدوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، رائید جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین و سێ پەرلەمانتاری پشکی ئەو پارێزگایە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران.
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیپێکردووە، بەو گومانەی کە بەشێک بێت لە پارەی دۆسیەکانی گەندەڵی و هەوڵی شاردنەوەی درابێت.



.jpg&w=3840&q=75)
