رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی چنار لە ئامەدی باکووری کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی چیرۆکی ژیان و بەرهەمەکانی دەنگبێژان (لاوکبێژان)، هەڵمەتێکی ئەرشیڤکردنی دەستپێکردووە.
ئەو هەڵمەتە بەرفراوانە لەڕێی ستافێکەوە دەستیپێکراوە و گوند بە گوند دەگەڕێن.
بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور، هونەر و کاروباری کۆمەڵایەتیی شارەوانیی چنار لە ئامەد، بە مەبەستی گواستنەوەی نەریتی دەنگبێژی بۆ نەوەکانی داهاتوو، دەنگی ئەو دەنگبێژانە تۆمار دەکات کە لە شارۆچکە و گوندە دوورەدەستەکاندا دەژین.
لە چوارچێوەی کارەکەدا چیرۆکی ژیانی دەنگبێژەکان و بەرهەمەکانیان بە شێوەی ڤیدیۆیی تۆمار دەکرێن و ئەرشیڤێکی گشتگیر پێکدەهێنرێت. یەکەم وێستگەی پڕۆژەکە گوندی باشپنار بوو؛ لەوێ چیرۆکی ژیانی دەنگبێژ محەممەدی برکی و بەرهەمەکانی تۆمارکران.
فەیسەل ئاتاڵای، مامۆستای میوزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور، هونەر و کاروباری کۆمەڵایەتیی شارەوانیی چنار کە سەرپەرشتیی پرۆژەکە دەکات، رایگەیاند نەریتی دەنگبێژی لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆکاری جیا جیاوە لاواز بووە.
ئاتاڵای هەروەها کەم بایەخدانی نەوەی نوێی بە دەنگبێژان بە مەترسییەکی گەورە زانی و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە بە تۆمارکردنی چیرۆکی ژیان، بەرهەم و دەنگی دەنگبێژەکان کە سەدان ساڵە دەنگی کۆمەڵگەن، ئەو شاکارە بەهادارانە بگەیەنینە نەوەکانی داهاتوو."
ئایشە کوران، بەڕێوەبەری کولتوور، هونەر و کاروباری کۆمەڵایەتیی شارەوانیی چنار رایگەیاند، دەنگبێژی تەنیا نەریتێکی میوزیکی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا میراتێکی کولتووریی گرنگی کۆمەڵگەی کوردییە.
کوران هەروەها رایگەیاند، زۆربەی ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەی کراونەتە لاوک و دەنگبێژان دەیڵێنەوە، ئەوین و ئازارەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازنەوە و گوتی، لە رێی ئەم کارە ئەرشیڤییەوە دەیانەوێت چیرۆکی ژیان و بەرهەمی دەنگبێژان بپارێزن و بیگەیێننە نەوەکانی داهاتوو.


.jpg&w=3840&q=75)
