رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرانی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد دەڵێن، "تانە لە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا دەدەین و داننانێت بەو تۆمەتەی بۆی هەڵبەستراوە".
رۆژی چوارشەممە، 01-07-2026 وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری عەزل کردنی د. عەبدولـلەتیفی دا، واتە دوورخستنەوەی یەکجاری ناوبراو لە زانکۆی سلێمانی بەشی زانستە ئیسلامییەکان.
عەتا عوسمان حوسێن و ئارام رەزا، دوو لە پارێزەرانی د. عەبدولـلەتیف روونکردنەوەیەکیان بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوەی لەسەر د. عەبدولـلەتیف کردووە، "پێشێلکاری یاسایی زۆریان بەرامبەر بە کەیسەکە کردووە".
پارێزەرانی دەڵێن، د. عەبدولـلەتیف تانە لەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا دەدات سەبارەت بەسزادنی بە عزل کردنی لە کارەکەی، ئێمە ئەو بڕیارە بە نایاسایی دەزانین".
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "بەڕێزیان هەرگیز داننانێت بەو تۆمەتەی بۆی دروستکراوە و رادەگەیێنین بەڕێزیان بەهیچ شێوەیەک تەنازول لەمافی خۆی ناکات لە پەنابردن بۆ دادگا و دادگا بەشوێنی یەکلاییکردنەوی ئەم دۆسیەیە دەزانین".
پارێزەرانی داوا دەکەن، کەناڵەکانی راگەیاندن بە وردی و بابەتییانە لەم دۆسیەیە بڕوانن و بڕیاری پێشوەختە لەم دۆسیەیەدا نەدەن.
د. عەبدولـلەتیف بە چی تۆمەتبار کراوە؟
تۆمەتەکانی سەر د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد لەلایەن چەند خوێندکارانی کۆلێژەکەی خۆیەوە بووە لە زانکۆی سلێمانی، کە دەڵێن، لە رێگەی مۆبایلەوە "وێنەی نەشیاوی بۆ ناردوون و قسەی نەشیاوی" لەگەڵدا کردوون.
بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد هەموو تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێ.
پێناسەی (العزل) لە یاسای سزاکانی عێراق:
یاسای ئینزیباتی (بەرزەفتی) فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 14ی ساڵی 1991
بریتییە لە دوورخستنەوەی فەرمانبەر لە وەزیفەکەی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بۆی نییە جارێکی دیکە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتیدا دابمەزرێتەوە. ئەم بڕیارە دەبێت بە بڕیارێکی پاساودار (بەڵگەدار) لەلایەن وەزیرەوە دەربچێت.

.jpg&w=3840&q=75)

