رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی (پەی) بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە چوارەمین راپۆرتی چاودێریی خۆیدا هۆشداری لە بەردەوامیی پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدات و دەڵێ، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 ساڵ و 6 مانگە لە "بۆشاییەکی یاسایی و دامەزراوەییدا"یە.
بەپێی راپۆرتەکەی دامەزراوەی (پەی)، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک و حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی 97 پەرلەمانتار لە رۆژی 2ی کانوونی یەکەمی 2024، تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نییە، دەستەی سەرۆکایەتی پێکنەهێندراوە و لیژنەکانیش دەستنیشان نەکراون.
سەبارەت بە دۆخی پەرلەمان و هۆکارەکانی، د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی (پەی) بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "بەداخەوە ئەو رەوشەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە ئەنجامی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و لاوازی و بێهەڵوێستیی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانە کە بووەتەهۆی ئەوەی زیاد لە 3 ساڵ و 6 مانگە لە بۆشایی یاساییداین."
د. سەروەر عەبدولڕەحمان گوتیشی: "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا بووایە، دەیتوانی دەیان یاسا دەربکات، هەموار بکاتەوە و یاساکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە هەرێمی کوردستان بەرکاربکات. پەرلەمان دەیتوانی دوو یاسای بودجە پەسند بکات، کەچی لە ماوەی 34 ساڵی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا، 21 ساڵ بێ بودجە بەڕێکراوە."
لە راپۆرتەکەی دامەزراوەی (پەی)دا هاتووە: "سوێندی پەرلەمانی تەنیا رێوڕەسمێکی فۆرمی نییە، بەڵکو بەڵێنێکی ئەخلاقی و یاساییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گشتی. کاتێک پەرلەمانتار سوێند دەخوات، بەڵام لە ئاست قەیرانەکاندا بێدەنگ دەبێت، سوێندەکە لە نێوەڕۆکی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە."
سەرۆکی دامەزراوەی (پەی) ئاماژەی بەوەش کرد، پەرلەمانتاران ئێستا "هیچ ناکەن" و تاکە شتێک کە بە پەرلەمانەوە دەیانبەستێتەوە مووچەیانە. بە گوتەی د. سەروەر عەبدولڕەحمان، کاری پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی "چالاکڤانی مەدەنی و میدیاکار" تێپەڕی نەکردووە، چونکە لە رووی یاساییەوە دەسەڵاتیان نییە و نە لیژنە هەیە و نە دانیشتنی پەرلەمان.
د. سەروەر عەبدولڕەحمان لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند: "رێگەی دروست ئەوەبوو کە پارتی و یەکێتی پەرلەمانیان کارا بکردایەتەوە، کە ئەوان کارای ناکەنەوە، دەبووایە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستیان هەبووایە."
دامەزراوەکە هۆشداری دەدات کە پەککەوتنی پەرلەمان رێگە بۆ دەستوەردانی زیاتری دامەزراوەکانی بەغدا، بەتایبەتی دادگای باڵای فیدراڵی، خۆش دەکات و پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا لاواز دەکات.


