رووداو دیجیتاڵ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی غەزال مەولان کۆتاییهات؛ ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، بەپێی چاودێریی کامێرەکان دەرکەوتووە 15 خولەک رێگری لە وەرگرتنی غەزال کراوە تاوەکو گیانی لەدەستداوە. ئێستا پێنج کەس وەک تۆمەتبار دراونەتە دادگا. رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، ئەمجەد حوسێن پەنایی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دۆسیەی غەزال مەولاندا پێنج کەس تۆمەتبارن. دوای ئەوەی داواکاری گشتی دۆسیەکەی بەرزکردەوە، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون پێکهێنرا؛ بەپێی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە و چاودێریی کامێرەکان، دەرکەوتووە کە 15 خولەک غەزالیان راگرتووە و وەریاننەگرتووە تاوەکو گیانی لەدەستداوە." ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵە ئاماژەی بەوەش کرد، کە دۆسیەکە ئێستا لای پارێزەرانە و رێکارە یاساییەکان دەستیان پێکردووە و گوتی، "پێنج کەسەکە دراونەتە دادگا و وەکالەت دراوەتە پارێزەران بۆ ئەوەی دۆسیەکە لە دادگا یەکلا بکەنەوە، ئێستا چاوەڕێین دادگا کات و رۆژی دانیشتنەکە دیاری بکات." عەتا عوسمان، پارێزەری راوێژکار بە رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە غەزال مەولان لە نەخۆشخانەی (بەخشین) بۆ ماوەی 15 خولەک لە بەشی چاودێریی چڕ وەرنەگیراوە و بە برینداری هێڵدراوەتەوە، "ئەوەش کاتی زێڕین بووە بۆ چارەسەرکردنی و دەبوو نەخۆشخانەکە ژیانی بریندارەکە بخاتە پێش رێکارە کارگێڕییەکان." عەتا عوسمان دەڵێت، دەبوو نەخۆشخانەکە ژیانی بریندارەکە لەبەرچاو بگرێت و دواتر مامەڵە لەگەڵ رێکارە یاساییەکان بکات. غەزال مەولان، کچێکی تەمەن 18 ساڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 14ـی نیسانی ئەمساڵ و لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر کەمپێکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە سەختی بریندار بوو. دوای گواستنەوەی بۆ سلێمانی، لە چەند نەخۆشخانەیەک وەرنەگیرا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. رووداوەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات. رووداو چەندین جار پەیوەندی بە نەخۆشخانەی بەخشینەوە کرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو.