رووداو دیجیتاڵ
لە ماڵێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت، سەرجەم قوربانییەکان ئافرەتن.
نزیک کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ماڵێکی شارۆچکەی حاجیاوا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، تەقینەوەیەک روویدا و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
حوسێن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی گوتی، "کاژێر 05:40 خولەک ئاگادارکراینەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک کە لە تەنیشتییەوە دووکانێکی بەرگدرووی ئافرەتان هەیە و قوربانییەکان لەنێو ئەو دووکانە بوون."
بەگوتەی حوسێن عەبدوڵڵا، کاتێک ئاگرەکە لە سەربانی ماڵەکەوە تەشەنەی سەندووە، گەیشتووەتە سەر دووکانی بەرگدرووەکە. دووکانەکە بنمیچەکەی لە مادەی سەندوویچ پەنەڵ دروستکراوە، بەهۆیەوە داڕووخاوە بەسەر هاونیشتمانییەکاندا و سیانیان گیانیان لەدەستداوە.
حوسێن عەبدوڵڵا گوتی، سەرجەم قوربانییەکان ئافرەتن و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دووانیان ئەندامی یەک خێزانن.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ئافرەتێکی تەمەن 30 بۆ 35 ساڵە، یەکێکی دیکەیان مێرمنداڵێکی 12 ساڵە و ئەوەی دیکەش منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵە.
تەها محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد کە سێ بریندارەکە دووانیان لە نەخۆشخانەی حاجیاوا و یەکێکی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی رانیەیە، "دۆخی بریندارەکان باشە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان."
بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکە، دوو ماڵی دراوسێی ئەو خانووە زیانیان بەرکەوتووە.

