رووداو دیجیتاڵ
چل و سێ ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا رەشیی جلی دایکانی بارزان نەگۆڕاوە. ساڵانە لە یادی ئەو کارەساتەدا، خەمی ونبوونی کوڕان، هاوسەران و ئازیزانیان نوێ دەبێتەوە، برینێک تێپەڕبوونی دەیان ساڵیش نەیتوانیوە سارێژی بکات.
حەلیمە سلێمان، یەکێک لە دایکانی ئەنفال، بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە باس لەو ئازارە کۆنە دەکات هێشتا وەکو رۆژی یەکەم لە جەستەیدا ماوە و دەڵێت: "هەتا دەمرین ئەو کارەساتەمان لەبیر ناچێت، ئێمە مردووین کوا چیماوین، ئەوەندە لێیان داین بە دکتۆرەکانیش چاک نابینەوە."
فاتمە ئیبراهیم، دایکێکی دیکەی بارزانە چیرۆکی راپێچکردنی ئازیزانی لەناو جێگاکانیاندا بۆ "رووداو" دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "دوو برام، باوکم، دوو کوڕی مامم و مامم، لەگەڵ چوار برای هاوسەرەکەم و خەزوورم، هەموویان لەناو جێگا راپێچان و بردیان، ئەوە هیچ کات لەبیرمان ناچێت."
مەراسیمی یادکردنەوە لە سۆران
بە بۆنەی 43ـەمین ساڵیادی ئەو کارەساتە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران مەراسیمێکی تایبەتی ڕێکخست.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری شەهید و ئەنفالکراوانی سۆران، سەبارەت بە مەبەستی رێکخستنی مەراسیمەکە پێش وادەی سەرەکیی یادەکە رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی کەسوکاری سەربەرزی جینۆسایدکراوان پێیان باشە لە رۆژی نەهامەتییەکەدا سەردانی گۆڕستانی ئەنفالکراوان بکەن، ئێمە ویستمان رۆژێک پێشتر ئەو مەراسیمە ساز بکەین. دەمانەوێت ئەم یادانە هەمیشە لە هزری نەوەی ئێستا و داهاتوودا بە بەرزی بمێننەوە."
هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتەکان
لە پاڵ گێڕانەوەی سەربووردە تاڵەکان، داواکاریی سەرەکیی کەسوکاری قوربانییان گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانیانە 43 ساڵ لەمەوبەر لێیان دوورخرانەوە و لە بیابانەکانی عێراقدا گۆڕغەریب کران.
ئارام نوری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئاماژەی بەوە کرد پرۆسەی گەڕان بەردەوامە و گوتی: "ئێستادا گۆڕی بەکۆمەڵی زۆر هەن. وەکو وەزارەت لە هەوڵداین و لە پرۆسەکانی گەڕان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا لەگەڵ تیمی نیشتمانیی عێراق بەشدارین، بۆ ئەوەی هەماهەنگیی زیاتر بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم پرسە."
شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵی 1983دا 8000 قوربانی لێکەوتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 696 رووفات دۆزراونەتەوە و لە چەند قۆناغێکدا بۆ هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە، دوایین قۆناغیش گەڕاندنەوەی 100 رووفات بوو لە ساڵی 2022دا.

