رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان، رایدەگەیێنێت، دوای 12 ساڵ لە چاوەڕوانی و گلەییکردن، کاتی ئەوە هاتووە "کۆمەڵگەی ئێزدی'' لە قۆناخی داواکارییەوە بچێتە قۆناخی جێگیرکردنی مافەکانی وەکو پێکهاتەیەکی رەسەنی عێراق و کوردستان. رەخنەی هەیە لە حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت بەرپرسە ئێزدییەکانیش و دەڵێت "کەمتەرخەم" بوون لە ئاست دۆسیەی شنگال و کوردانی ئێزدیدا.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش "لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان" مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەی ئێزدییەکاندا کردووە و گوتی: "ئێمە چیدیکە گلهیی ناکەین. بەڕاستی کاتی گلهیی تەواو بوو، دەبێت داوای مافەکانمان بکەین و واز لە مافەکانیشمان نەهێنین، تاوەکو وەک هەموو پێکهاتەکانی عێراق و کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئێزدی دەکرێت."
ئەو فەرماندە ئێزدییە رەخنەی لە بەرپرسە ئێزدییەکانیش گرت و ئەوانیشی بە بەرپرسیار زانی لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەکەیان. حەیدەر شەشۆ گوتی: "دەتوانم بڵێم بەرپرسە ئێزدییەکانیش بەرپرسیارێتییەکەیان هەڵنەگرت، چونکە کەمتەرخەم بوون لە خزمەتکردنی خەڵکی خۆیان و گەیاندنی دەنگ و نەهامەتییەکانی ئەم میللەتە."
حەیدەر شەشۆ، پێیوایە چارەنووسی خەڵکی ئێزدی بەستراوەتەوە بە رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە بەداخەوە هەردوولا "کەمتەرخەم" بوون و ئەرکی خۆیان وەک پێویست جێبەجێ نەکردووە.
شەشۆ جەختی لەوە کردەوە تاوەکو ئێستاش رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە و ئیرادەی خەڵکی شنگال لەبەرچاو نەگیراوە، دەڵێت، "لە زۆر دۆخدا کاتێک دۆسیەی شنگال دەکرێتەوە، ئێمە دەبینین بەرپرسانی شنگال و خەڵکە رەسەنەکەی بانگهێشت ناکرێن."
سەبارەت گرووپە چەکدارەکان لە شنگال، شەشۆ ئەو بیانووە رەتدەکاتەوە گوایە ئەوان رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڵێت، "ئەوان لە دەرەوەی فەرمانی حکومەتی عێراق نین و لە شنگال بەبێ فەرمانی حکومەت نەماونەتەوە. ئەگەر باسی حەشدی شەعبی بکەین، ئەوان ئەمڕۆ بەشێکن لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆیە ناتوانین بڵێین گرووپی دەرەوەی یاسان."



