رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، قسەکردن دژی مادەی 140 بە واتای بێبەهاکردنی دەستوور و "نەمانی مانای دەوڵەتبوونی عێراقە"، دەشڵێت: "پارێزگار بە سەفەقەیەکی گوماناوی ئەو پۆستەی وەرگرتووە."
رۆژی چوارشەممە، 05-08-2026، مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیێندراوێکی لەبارەی قسەکانی ئەم دواییەی پارێزگاری کەرکووک محەمەد سەمعان سەبارەت بە چارەنووسی شارەکە و ماددەی 140 بڵاوکردەوە.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمیی حکومەتی عێراق، کە شەوی 4ـی ئاب پەخشکرا، گوتی، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کە دەوڵەتی عێراقی لەدوای ساڵی 2003 بەرامبەر بە کەرکووک کردوویەتی، مادەی 140 بووە و بەهۆی ئەو جۆرە ماددانەوە دەنگیان بە دەستوور نەداوە.
پارتی لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ماددەی 140ـی دەستوور "نەخشەڕێگەیەکی دروست و سەردەمیانەیە" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە. ئاماژە بەوەش دراوە کە تانەدان لەم مادەیە، تانەدانە لە خودی دەستوور.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "قسەکردنی نابەرپرسیارانەی پارێزگاری کەرکووک لەسەر ئەوەی مادەی 140 نەماوە، بە واتای بێبەهاکردنی دەستوور دێت. خۆشی باش دەزانێت ئەگەر دەستوور نەمێنێت، عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ دەبێتەوە."
پارتی دیموکراتی کوردستان لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووک بە مەترسیدار وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەمە هەوڵێکی نابەجێیە بۆ شکاندنی تەبایی و برایەتی و کارکردنە بۆ فیتنەگێڕی و قووڵکردنەوەی کێشەکان، نەک خزمەتکردنی پێکهاتەکان."
بەشێکی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی رێکخستنی پارتی، تایبەتە بە شێوازی دەستبەکاربوونی پارێزگاری ئێستای کەرکووک، تێیدا هاتووە: "هەموو لایەک باش دەزانن بوونی محەمەد سەمعان کەنعان بە پارێزگار، ئەنجامی سەفەقەیەکی گوماناویی فندق الرشید بووە. ئەگەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و سرووشتی بووایە، دۆخەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبوو."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، پارتی داوا لە پارێزگار و بەرپرسانی کەرکووک دەکات "ژیرانە رەفتار بکەن" و رێز لە دەستوور و مافی دانیشتووانی شارەکە بگرن، لەبری ئەوەی کار بۆ "تێکدان و ئاژاوەگێڕی" بکەن.



.jpg&w=3840&q=75)