رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی شوێنەواری عەفرین دەڵێت، زۆربەی شوێنەوارە مێژووییەکانی ناوچەکە بەهۆی جەنگ و هەڵکەندنەوە وێران بوون، بە جۆرێک لە هەندێک شوێندا ئاستی وێرانکاریی شوێنەوارەکان 70%ـی تێپەڕاندووە و چارەنووسی پەیکەری شێرە ناودارەکەی بازاڵتیش نادیارە.
بەتاڵ خەلیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی شوێنەواری عەفرین، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هۆشداری دا لە دۆخی شوێنەوارەکان لە سنووری عەفرین و رایگەیاند، 36 گردی شوێنەواری کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و مۆزەخانەکانی سووریاوە تۆمارکراون، لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی هەڵکەندن و تاڵانکاری بوونەتەوە. ئەو بەرپرسە گوتی: "خۆم سەردانی هەموو گردەکانم کردووە و بە چاوی خۆم بینیم کە بەداخەوە هەموویان وێران کراون."
دیارنەمانی شێری عەین دارا
یەکێک لە گەورەترین کۆستە کولتوورییەکانی عەفرین، ونبوونی پەیکەری شێری بازاڵتیی بەناوبانگی پەرستگەی عەین دارایە. ئەم پەرستگەیە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاسن (نێوان ساڵانی 1300 تاوەکو 740ـی پێش زایین) دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2018ـدا و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە (چڵە زەیتوون)ـی سوپای تورکیادا، رووبەڕووی بۆردوومانی ئاسمانی بووەوە و شێوەکەی بە تەواوی تێکدرا.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی گۆڤاری نێودەوڵەتیی (کولتورال پرۆپەرتی) بەریتانی، پەیکەری شێرەکە تاوەکو تەممووزی 2019 لە شوێنی خۆی بوو، بەڵام لە کۆتایی ئەیلوولی هەمان ساڵدا دیار نەما. بەتاڵ خەلیل لەمبارەیەوە گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەیان لەبارەی چارەنووسی ئەو پەیکەرە لەبەردەست نییە، بەڵام هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی بۆ شوێنە بنچینەییەکەی.
وێرانکاریی سیستماتیکی
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی گۆڤاری زانستیی هێریتجی سویسری، 59%ـی شوێنەوارەکانی سووریا رووبەڕووی تاڵانکاری بوونەتەوە. عەفرین وەک یەکێک لەو ناوچانە دیاریکراوە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەتایبەتی لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری قورس و شۆفڵ بۆ شێواندنی بە شێوەیەکی پلان بۆ دانراو.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم وێرانکارییانە لە کۆتایی ساڵی 2018ـەوە دەستیان پێکرد و تاوەکو ساڵی 2025 بەردەوام بوون، کە هاوکات بوو لەگەڵ مانەوەی ناوچەکە لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە. وێنە مانگە دەستکردەکان نیشانی دەدەن، چەندین گردی مێژوویی بە تەواوی تێکدراون.
شوێنەوارناسان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم جۆرە هەڵکەندنە مەترسیدارترینە، چونکە نەک هەر پارچە مێژووییەکان دەدزرێن، بەڵکو تەواوی زانیارییەکانی نێو چینەکانی زەوی بۆ هەمیشە لەناو دەچن.
گرنگیی جیهانیی شوێنەوارەکانی عەفرین
ئەحمەد یوسف، توێژەری بواری شوێنەوار لە رۆژئاوای کوردستان، تیشک دەخاتە سەر پێگە جیهانییەکەی عەفرین و دەڵێت، ناوچەکە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی تێدا تۆمار کراوە. ئەحمەد یوسف گوتی: "لە ئەشکەوتی دوودەرییە (جەندەرییە)، ئێسکی منداڵێکی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ 85 تاوەکو 100 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە."
ئەم توێژەرە ئاماژەی بە چەندین شوێنەواری دیکەی گرنگ کرد، لەوانە قەڵای نەبی حوری، شانۆی سیرۆس کە بە یەکێک لە گەورەترین شانۆکانی سووریا دادەنرێت و کەنیسەی مارسمانی ستوونی. ئەحمەد یوسف جەختی کردەوە لەوەی پاراستنی ئەم شوێنەوارانە نەک هەر ئەرکێکی مێژووییە، بەڵکو دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.
نووسینگەی شوێنەواری عەفرین بە هاوکاریی دەستەی شوێنەوار و مۆزەخانەکانی سووریا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پرۆژەیەکی نوێی بۆ بەڵگەنامەکردنی پاشماوەکانی پەرستگەی عەین دارا دەستپێکردووە. ئەم پرۆژەیە لە رێگەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سێ رەهەندی دەبێت تاوەکو ئەو بەشە کەمەی لەو میراتە مێژووییە ماوەتەوە، وەک ئەرشیف بۆ نەوەکانی داهاتوو پارێزراو بێت.
پەرستگەی عەین دارا کە لە ساڵی 1983ـەوە وەک مۆنۆمێنتێکی نیشتمانیی سووریا ناسراوە، ئێستا تاقە گەواهیدەرێکی برینداری مێژووی سێ هەزار ساڵەی عەفرینە.


