رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و دارستان لە پارێزگاکانی ئامەد، مێردین و ئێلیهـ لە باکووری کوردستان، رێوشوێنەکانیان بۆ رێگریکردن لە سووتاندنی پووش و پەڵاش تووندتر کردووە. لە کاتێکدا هۆشداری دەدرێتە جووتیاران ئەو کارە زیانی کوشندە بە خاک دەگەیێنێت، سزای دارایی قورسیش بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنرێت.
بۆ پاراستنی ژینگە و خاکی ناوچەکە، تیمەکانی کشتوکاڵ دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری کردووە و لە رێگەی بڵاوکردنەوەی نامیلکە و سەردانی مەیدانی، جووتیاران لە مەترسییەکانی سووتاندنی پاشماوەی دانەوێڵە، پووش و پەڵاش ئاگادار دەکەنەوە.
ئامەد؛ ئامارەکانی سووتاندن کەمیان کردووە
عادل ئالان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی ئامەد رایگەیاند، ئەو رێکارە تووندانەی لە ساڵی 2024 گرتوویانەتە بەر، ئەنجامی باشی هەبووە و بووەتە هۆی ئەوەی لە ساڵی 2025ـدا ئاگرکەوتنەوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە. ئالان گوتی: "لە کاتێکدا لە ساڵی پێشووتردا 113 کۆنووسی سەرپێچیمان رێکخستبوو، لە ساڵی 2025ـدا ئەم ژمارەیە بۆ 54 حاڵەت دابەزیوە."
سەبارەت بە سزاکانیش، عادل ئالان ئاشکرای کرد سزای سووتاندنی هەر دۆنمێک زەوی 698 لیرەیە، بەڵام ئەگەر ئاگرەکە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوون، دارستان، باخی میوە یان ناوچە ئاوییەکان بێت، سزاکە پێنج هێندە زیاد دەکات و دەگاتە سێ هەزار و 495 لیرەی تورکی.
ئێلیهـ؛ سەرکەوتن لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان
پارێزگای ئێلیهـ یەکێک بوو لەو شوێنانەی زۆرترین سووتاندنی تێدا تۆمار دەکرا، بەجۆرێک لە ساڵی 2024ـدا زیاتر لە 500 حاڵەت هەبووە، بەڵام بەهۆی کار و چالاکییە بەردەوامەکان، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2025ـدا بۆ تەنیا 20 حاڵەت دابەزیوە. هەروەها لە ساڵی 2026ـدا تاوەکو ئێستا تەنیا سێ جار سزای دارایی بەهۆی سووتاندنی پووش و پەڵاشەوە دراوە.
نەجدەت تونجەر، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئێلیهـ، هۆشداری دەداتە جووتیاران و دەڵێت: "سووتاندنی زەوی نەک هەر زیان بە سیستەمی ئیکۆلۆژی و زیندەوەرەکان دەگەیێنێت، بەڵکو میکرۆئۆرگانیزمە سوودبەخشەکانی ناو خاکیش لەناو دەبات و بەپیتیی زەوی بۆ نەوەکانی داهاتوو لەکەدار دەکات."
80%ـی زەوییەکان بۆ دانەوێڵە بەکاردێن
بەپێی ئامارەکان، رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان لەو سێ پارێزگایە بەم شێوەیەیە:
• ئامەد: نزیکەی حەوت ملیۆن دۆنم.
• مێردین: سێ ملیۆن و 340 هەزار دۆنم.
• ئێلیهـ: نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم.
نزیکەی 80%ـی ئەم زەوییانە بۆ چاندنی دانەوێڵە بەکاردێن. هەندێک لە جووتیاران دوای دروێنە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی زەوییەکەیان بکێڵنەوە، پەنا بۆ سووتاندنی پاشماوەکان دەبەن. بەڵام بەرپرسان دووپاتی دەکەنەوە ئەم کارە ماددە ئۆرگانییەکان و کانزاکانی ناو خاک لەناو دەبات. هەروەها مەترسیی ئەوەشی هەیە ئاگرەکە بپەڕێتەوە بۆ ناو دارستانەکان و کارەساتی ژینگەیی لێ بکەوێتەوە.

