رووداو دیجیتاڵ
تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی فۆلکلۆری لە پۆڵەندا بەناوی (ڤیستولا) بەشداری کرد و سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی هونەر و رۆشنبیریی هەولێریش قەڵخانی پارێزگای هەولێری پێشکێشی پارێزگاری شاری پۆڵۆک کرد.
سیروان عوسمان، رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە دووەم جارە تیپی هەولێر بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دەکات. ئێمە بە ناوی کورد و کوردستانەوە بەشدارین و لە هەموو چالاکییەکاندا ئاڵای کوردستان و ناوی هەرێمی کوردستان بەرز دەکەینەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی هونەر و رۆشنبیریی هەولێر راشیگەیاند:" کاتێک پارێزگاری پۆڵۆک جلوبەرگی کوردی بینی زۆر خۆشحاڵ بوو، پێشتر خۆی سەردانی هەرێمی کوردستان و هەولێری کردبوو، هەربۆیە لەوێ قەڵخانەکەمان پێشکێش کرد".
قەڵخانەکە وێنەی قەڵای مێژوویی و منارەی چۆلی لەسەر نەخشێنراوە و وەک دیارییەکی سیمبوولی درایە پارێزگاری پۆڵۆک.

سیروان عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو ئەو 10 تابلۆ هونەرییەی پیشانی دەکەن، تابلۆی (دوورنە) کە باس لە پڕۆسەی دروێنەی گەنم دەکات لە کوردەواری کۆندا، زۆرترین سەرنجی راکێشاوە؛ هەربۆیە لەسەر داوای کارگێڕان و ئامادەبووان، بڕیارە ئەم تابلۆیە لە هەموو رۆژەکانی فێستیڤاڵەکەدا بە بەردەوامی نمایش بکرێ.
تیپی هونەرە میللیەکانی هەولێر، لە ساڵی 1979 دامەزراوە، خاوەنی 35 تابلۆی کولتووری و هونەری رەسەنی کوردییە.

لە فێستیڤاڵی ڤیستولادا، جگە لە هەرێمی کوردستان، تیمی چەندین وڵاتی وەک بەرازیل، ئیسپانیا، کرواتیا، لاتیڤیا، کۆڵۆمبیا و وڵاتی میواندار (پۆڵەندا) بەشدارن کە تاوەکو 24ـی ئاب بەردەوام دەبێت.
فێستیڤاڵی "ڤیستولا" یەکێکە لە فێستیڤاڵە فۆلکلۆرییە ناسراوەکانی پۆڵەندا کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1967 دەگەڕێتەوە و دوای دابڕانێکی درێژ، لە ساڵی 2012وە دەستیپێکردەوە.

