رووداو دیجیتاڵ دایکێک بە گریان و شیوەنەوە بۆ کوڕە 15ساڵانەکەی دەناڵێنێت و نایەوێت باوەڕ بکات کە لە ئاودا خنکاوە؛ یووسف ئێوارەی هەینی 21/08/2026 لە نێوەڕاستی گۆمی کەسنەزان نووقم بوو و گیانی لەدەستدا. دایکی یووسف بە رووداوی راگەیاند، کە کوڕەکەی گەنجێکی تەمەن 15 ساڵان بووە و بەرگە ناگرێت لەدەستی داوە. یووسف هادی دانیشتووی گەڕەکی سێبەردانی هەولێر بوو؛ ئەو لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەیدا چووبووە گۆمی کەسنەزان، بەڵام دەوروبەری کاژێر 5ی پاشنیوەڕۆ لە نێوەڕاستی گۆمەکەدا نوقم بوو. هادی سلێمان، باوکی یووسف لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت: "کوڕەکەم لەگەڵ هاوڕێکانی هاتبووە ئەم گۆمە و لە ناکاو لە ئاودا نووقم بوو." دوای 4 کاژێر و نیو گەڕانی بەردەوام لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە، تەرمی یووسف دۆزرایەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا. ئەمە تەنیا رووداوی ئەو رۆژە نەبوو؛ ئەمڕۆ هەینی 21ی ئابی 2026، دوو گەنجی عەرەب لە زێی گەورە و کەسێکی دیکەش لە بەستۆرە لە ئاودا خنکان، هەروەها گەشتیارێکی عەرەب لە سنووری پارێزگای دهۆک گیانی لەدەستدا. سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی بەرگریی شارستانی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر 22 کەس لە ئاودا خنکاون.
کوردستان21-08-2026پارێزگاری کەرکووک بۆ رووداو: ئەرکەکانمان تەواو بوون، بە ئاسانی پۆستەکە رادەست دەکەین