رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە، شاری هەولێر بۆ 16ـەمین جار میوانداریی پێشانگای نێودەوڵەتیی بیناسازی، کارەبا و وزە دەکات و 450 کۆمپانیای 20 وڵاتی جیاواز کۆدەکاتەوە.
پێشانگاکە کە ساڵانە بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ 450 کۆمپانیا بەشداری تێدا دەکەن، کە 75ـیان کۆمپانیای ناوخۆیین. کۆمپانیا چینییەکان زۆرترین بەشداربووی بیانی پێکدەهێنن و لە دوای ئەوانیش کۆمپانیا تورکییەکان دێن.
ئیبراهیم سەعدی، بەڕێوەبەری دیزاین لە یەکێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکان دەڵێت: "بۆ جاری چوارەمە بەشداری دەکەین. ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ ئەوەی هەموو بەرهەمەکانمان لە قەبارەی 3 تۆن تاوەکو 32 تۆن لە پێشانگاکە نمایش بکەین و چاومان لەوەیە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان گرێبەست واژۆ بکەین."
رێکخەرانی پێشانگەکە ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، کۆمپانیاکان ترسیان هەبووە، بەڵام ئەوان ئاسانکارییان بۆ کردوون.
باسم ئەلمەسری، رێکخەری پێشانگەکە بە رووداوی راگەیاند: "ناچاربووین ئاسانکاری بکەین لە رووی نرخ و خزمەتگوزارییەکانەوە تاوەکو وایان لێبکەین بێن. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئاسانکارییان کرد بۆ ئەوەی بیانییەکان بە ئاسانی بێن و ئەو پەیامەیان پێ بگات کە پێشانگەکانمان کاران و هیچ کێشەیەک لە هەرێمی کوردستان نییە."
16ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، کارەبا و وزە، رۆژی پێنجشەممە 27-08-2026، کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بە سپۆنسەریی میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێتەوە.


